مارکۆ رۆبیۆ: لێکترازانی سەرکردایەتیی تاران گەورەترین رێگرە لەبەردەم رێککەوتن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، گەورەترین ئاستەنگی بەردەم گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران "لێکترازانی قوڵی ناوخۆیی سەرکردایەتیی تارانە" کە وایکردوە مەودای گفتوگۆکانی ئاشتی زۆر سنووردار بن.
رۆژی دووشەممە، 27ی نیسانی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی رایگەیاند: "جگە لەوەی وڵاتەکە لە لایەن پیاوانی ئایینیی شیعەی تووندڕەوەوە بەڕێوەدەبرێت، کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە ئەوان لە ناوخۆدا زۆر لێکترازاون."
روبیۆ پێیوایە "باشترین رێگە بۆ تێگەیشتن لە ئێران ئەوەیە بزانیت دوو جۆر چین لە نێو دەسەڵاتدا هەن؛ چینێک تەنیا لە روانگەی ئایینییەوە دەجوڵێنەوە و وەک سوپای پاسداران و رێبەری باڵا بیرکردنەوەی وێرانکارییان هەیە و چینێکی دیکەی سیاسی وەک سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوە کە هەرچەندە ئەوانیش تووندڕەون، بەڵام دەزانن بۆ بەڕێوەبردنی وڵات پێویستیان بە ئابووری و دابینکردنی مووچەیە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "گەورەترین گرفت ئەوەیە ئەو تووندڕەوانەی خەیاڵی رۆژی دوایی و وێرانکارییان هەیە، دەسەڵاتی رەهایان لە ناو ئێراندا بەدەستە."
روبیۆ گوتیشی: "دانوستاندنکارەکانی ئێمە تەنیا لەگەڵ ئێرانییەکان دانوستاندن ناکەن، بەڵکو ئەو ئێرانییانەی بەرامبەرمان دانیشتوون، دەبێت سەرەتا لەگەڵ ئێرانییەکانی ناوخۆی وڵاتەکەیان رێکبکەون تاوەکو بزانن لەسەر چی دەتوانن رێکبکەون یان کێ دەتوانێت چاوی بە کێ بکەوێت."
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی ئەوانی دایەوە و هێرشیکردە سەر وڵاتانی دراوسێشی. لە رۆژی دووەمی جەنگەکەشەوە تەنگەی هورمزی داخست.
رۆژی 8ی نیسان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی لەگەڵ ئێران راگەیاند و گەڕێکی دانوستاندنیان کرد، بەڵام بەهۆی ملنەدانیان بۆ داواکانی یەکدی بەردەوام نەبوون، دیارترین داواکانیش بریتیبوون لە پرسی ئەتۆمی، تەنگەی هورمز و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران.
داڕمانی ئابووری و لاوازیی سەربازی
سەبارەت بەوەی ئایا تاران لە گەیشتن بە رێککەوتن جیدییە، روبیۆ گوتی، ئێرانییەکان دەیانەوێت تەنیا کات بۆ خۆیان بکڕنەوە، چونکە ئابوورییەکەیان بە تەواوەتی داڕماوە و رووبەڕووی سزای ئابووریی و هەڵاوسانی بێوێنە بوونەتەوە.
روبیۆ دەڵێت: "ئێستا ئەوان نیوەی مووشەکەکانیان، هەموو کارگەکانی چەک، هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانییان لەدەستداوە. هەموو ئەوانە تێکشکێندراون، بۆیە ئەوان زۆر لاوازتر بوون."
، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دا کە ئێران دەیەوێت هەمان ئەو کارەی ئێستا بە نەوت دەیکات، لە داهاتوودا بە چەکی ئەتۆمی بیکات. روبیۆ گوتی: "ئەوان دەیانەوێت بە چەکی ئەتۆمی جیهان بە بارمتە بگرن تاوەکو هەرچییەکیان بوێت بیکەن، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە."
سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی ئەمریکا بەرامبەر ئێران، روبیۆ بڕیاری کۆتایی لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو لای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە و گوتیشی، ئاستی سزاکان و گوشاری سەر تاران بێوێنەیە و ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، ئەوا گوشاری زۆر زیاتر دەخەنە سەر وڵاتەکە تاوەکو ناچار بە پاشەکشە بێت.