ترەمپ لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی باسی پێشنیازێکی ئێران دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ راوێژکارە باڵاکانی ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازێکی ئێران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، ئەمەش لە کاتێکدایە دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بەردەوامن.
 
سەبارەت بەو پێشنیازەی باس لەوە دەکات ئەمریکا و ئێران گەمارۆکانیان لابدەن پێش دەستپێکردنی دانوستاندنەکان لەسەر پرسی ئەتۆمیی تاران، کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "باس لەو پێشنیازە کراوە." لێڤیت گوتی، سەرۆک بەیانیی ئەمڕۆ لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەتەوە، بەڵام ئامادە نەبوو بڵێت ئایا ترەمپ پێشنیازەکە قبووڵ دەکات یان نا.
 
لەلایەکی دیکەوە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هەڵوێستی ئێران لەسەر تەنگەی هورمز، کە رێڕۆیەکی سەرەکییە و پێنجەکی نەوت و گازی جیهانی لێوە دەگوازرێتەوە، لەگەڵ داواکارییەکانی ئەمریکا ناگونجێت. روبیۆ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز) گوتی: "ئەگەر مەبەستیان لە کردنەوەی تەنگەکە ئەوە بێت کە دەبێت هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران بکەیت و مۆڵەتیان لێ وەربگرین، ئەگەرنا دەمانتەقێننەوە و دەبێت پارەیان پێ بدەین، ئەوە پێی ناگوترێ کردنەوە."
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، ئەوان ناتوانن رێگە بدەن سیستمێک ببێتە کارێکی ئاسایی کە تێیدا ئێرانییەکان بڕیار بدەن کێ رێڕۆ نێودەوڵەتییەکان بەکاربهێنێت و بڕی چەند پارەیان پێ بدرێت بۆ بەکارهێنانی.
 
پێشتر ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) بڵاویکردبووەوە، ترەمپ لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازێکی ئێران بۆ کردنەوەی تەنگەکە و دواخستنی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان بۆ قۆناخێکی دیکە. کەناڵی (ئەی بی سی نیوز) لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکییەوە رایگەیاند، رێککەوتنەکە لەگەڵ هێڵە سوورەکانی واشنتن یەکناگرێتەوە.
 
لێڤیت بە رۆژنامەڤانانی گوت: "هێڵە سوورەکانی سەرۆک سەبارەت بە ئێران زۆر بە روونی نەک هەر بۆ خەڵکی ئەمریکا، بەڵکو بۆ ئێرانییەکانیش دیاریکراون."