لە بەریتانیا کوردێک بە تۆمەتی ئەندامبوون لە داعش سزای زیندانیی تاهەتایی دەدرێت
رووداو دیجتاڵ
کوردێک لە بەریتانیا بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش" دادگەیی کرا و سزای زیندانیی تاھەتایی بەسەردا سەپێندرا؛ ئەو لە ساڵی 2017دا گوتبووی، لە سووریا خەریکی پاسکیلسواری و یاری ڤیدیۆیی بووە.
بەگوێرەی میدیای بەریتانی، رۆژی هەینی، 26ـی ئایاری 2023، مارک لوکرافت، دادوەری دادگەی ناوەندی تاوانەکانی ئینگلتەرا و وێڵز، کەسێکی کوردی بە ناوی شاباز بە زیندانیکردنی تاهەتایی سزا داوە.
میدیای بەریتانی باس لەوە دەکات، شاباز سلێمانی تەمەن 27 ساڵ، کوردێکی خەڵکی باشووری کوردستانە و لەگەڵ خێزانەکەی لە بەریتانیا ژیاوە، پێش چوونی بۆ سووریا قوتابی کۆلێژ بووە. شاباز ساڵی 2014 لەگەڵ خێزانەکەی سەردانی تورکیای کردووە و ویستوویەتی خۆی بگەیێنێتە سووریا.
دادگەکە گوێی لە چەند تۆمارێک گرتووە کە شاباز دوای دیارنەمانی بۆ خێزانەکەی ناردووە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو مێشکی نەشۆردراوەتەوە و چەند مانگێکە پلانی بۆ ئەو شتە داناوە و بە خێزانەکەشی گوتووە، "پشت بە خوا دەبم بە نیشانەشکێن (قەناس)."
عەبدولشەفەق ئیقبال، پارێزەری شاباز بە میدیای بەریتانی گوتووە، "شاباز گەنجێکی ناپێگەیشتوو و ئایدیالیستە و دەیەوێت یارمەتی ئەو کەسانە بدات کە لە نارەحەتیدان و لەگەڵ رێکخراوی داعش بەشداری لە ئەرکە ناشەڕییەکان کردووە."
شاباز لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە سووریا، لە سنووری نێوان سووریا و تورکیا لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیردەکرێت و وەک دیلێکی داعش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. لە ساڵی 2014 شاباز یەکێک بوو لەو دیلانەی تورکیا لە بەرامبەر ئازادکردنی 47 دیپلۆماتی تورک، کە داعش لە شاری موسڵ دەستبەسەری کردبوون، رادەستی داعش دەکرێت و دەبردرێتە سووریا.
لە ئابی 2016دا سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، هێرشیانکردە سەر بەشێکی باکووری سووریا و چەند ناوچەیەکیان لەژێر دەسەڵاتی داعش کۆنترۆڵکرد. لە ئۆکتۆبەری 2017دا ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا ئەو هاونیشتمانییەی لە جەرابلووس دەستگیرکرد و دواتر گوێزرایەوە بۆ تورکیا.
شاباز لە ساڵی 2021 لە فڕۆکەخانەی Heathrow لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دەستگیرکرا و کۆمەڵێک تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆری درایە پاڵ. بەگوتەی خۆی، لەلایەن رێکخراوی داعشەوە لە شاری رەققە چەند مانگێک دەستبەسەرکراوە و دواتر ئەرکی پاسەوانی بازگەیەکی پێ سپێردراوە، دوای ئەوەش خۆی لە چەکدارانی داعش شاردووەتەوە و خەریکی یاریی ڤیدیۆیی و پاسکیلسواری بووە.
ئەو دانی بەوەدا ناوە کە ساڵی 2014 تا 2017 ئەندامی رێکخراوی داعش بووە، بەڵام لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای بەریتانی رایگەیاندووە، "جلوبەرگی سەربازی و چەکێکی جۆری کڵاشینکۆفم هەبوو، من زیانم بە هیچ کەس نەگەیاندووە. پۆلیس بووم، بەڵام لە فەرمانگە کارم دەکرد."