لە پارکێکی پێنسلڤانیا تەقەکرا؛ دوو کەس کوژران و هەشتی دیکەش بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی ئەمریکا دەڵێت، لە پارکێکی ویلایەتی پێنسلڤەینیا تەقەکرا، دوو کەس کوژران و هەشتی دیکەش بریندار بوون. 
 
رۆژی دووشەممە، 26ی ئایاری 2025 بە کاتی ئەمریکا (رۆژی سێشەممە بەکاتی هەولێر)، پۆلیسی ئەمریکا بڵاویکردەوە، بەهۆی رووداوێکی تەقەکردنەوە لە پارکی فیەرماونت دوو کەس کوژراون و هەشتی دیکەش بریندار بوون. 
 
پارکەکە لە شاری فلادیلفیای ویلایەتی پێنسلڤەینیایە، یەکێکە لە پارکە قەرەباڵخەکان و خەڵکێکی زۆر بۆ حەسانەوە و کات بەسەربردن سەردانی دەکەن. 
 
کیڤن بیسل، کۆمیسیاری پۆلیسی فلادیلفیا رایگەیاند، کوژراوەکان ژن و پیاوێکی گەنجن. دەشڵێت، سێ لە بریندارەکان تەمەنیان 15 بۆ 17 ساڵە. 
 
ئەو بەرپرسەی پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد، تەقەکردنەکە لە چەند کاتێکی جیاواز بووە، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و ئەو چەکانەی تێیدا بەکارهاتوون بەردەوامە. گوتیشی، هێشتا کەس دەستگیرنەکراوە. 
 
ئەمریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی ساڵانە ژمارەیەکی زۆر رووداوی تەقەکردنی تێدا روودەدات، بەشێکی بەهۆی کۆنترۆڵنەکردنی چەکە لە دەستی حکومەت و ئاسانی دەستکەوتنیەتی لە بازاڕەکاندا. 
 
بە گوێرەی ماڵپەڕی گەن ڤایۆلێنس ئەرکایڤی ئەمریکی، پار لەو وڵاتە 41 هەزار و شەش کەس بە چەک کوژراون لە کاتێکدا پێرار ژمارەکە 43 هەزار و 302 کەس بوو.