چەند رادیۆیەکی ئەمریکا سکاڵا لەسەر دۆناڵد ترەمپ تۆمار دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

رادیۆی گشتیی نیشتمانیی ئەمریکا ناسراو بە (NPR) و سێ وێستگەی رادیۆیی ویلایەتی کۆلۆرادۆ سکاڵایان لەسەر ئیدارەی ترەمپ تۆمار کرد، ئەوەش دوای فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی بودجەی فیدراڵی بۆ پەخشی گشتی.
 
رادیۆی ئێن پی ئاڕ، کە بە یەکێک لە رادیۆ کۆن و بەنێوبانگەکانی ئەمریکا دادەنرێت، رۆژی سێشەممە بڵاویکردەوە، فەرمانی کەمکردنەوەی بودجەی گشتیی رادیۆکە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە پێشێلکردنێکی زەقی مادەی 1ی دەستووری ئەمریکایە.
 
ئەو رادیۆ ئەمریکییە دەڵێت، "ئامانجی روونی ئەو فەرمانە ئەوەیە، ئێن پی ئاڕ سزا بدرێت لەسەر نێوەڕۆکی هەواڵەکان و بەرنامەکانی کە جێگەی دڵخوازی سەرۆک نین."
 
هاوکات رادیۆی گشتیی ئەسپێن، رادیۆی گشتیی کۆلۆرادۆ و رادیۆی گشتیی KSUT سکاڵایان لەسەر ئیدارەی ترەمپ تۆمار کرد.
 
1ی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ فەرمانێکی سەرۆکایەتی واژۆکرد و داوای لە دەسەڵاتدارانی پەخشی گشتی و دەزگەکانی دیکەی فیدراڵی کرد هاوکارییە فیدراڵییەکانی حکومەت بۆ ئەو رادیۆیانە رابگرێ.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە رابردوودا ئەو رادیۆیانەی ئەمریکای بەوە تۆمەتبارکردبوو کە لە هەواڵ و راپۆرتەکانیاندا لایەنگری دیموکراتەکانن.