لە چوار مانگی یەکەمی ئەم ساڵ فرۆشی تێسلا 46.1٪ کەمیکردووە

رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵەی ئەورووپی بۆ پیشەسازیی ئەورووپی بڵاویکردەوە، لە چارەگی یەکەمی ئەم ساڵدا فرۆشی ئۆتۆمبێلی تێسلا 46.1٪ بەراورد بە هەمان ماوەی پار کەمیکردووە. دەشڵێت، فرۆشی ئۆتۆمبێلە چینییەکان زیادیکردووە. 
 
رۆژی سێشەممە، 27ی ئایاری 2025، کۆمەڵەی ئەورووپی بۆ پیشەسازیی ئۆتۆمبێل کە تایبەت بە کاروباری ئۆتۆمبێل لەنێو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا؛ بڵاویکردەوە، نیسانی ئەم ساڵ لەنێو وڵاتانی یەکێتییەکەیاندا پێنج هەزار و 475 ئۆتۆمبێلی تێسلا فرۆشران کە 52.6٪ی لە هەمان ماوەی پار کەمترە. 
 
ئەو کۆمەڵەیە دەشڵێت، لە چوارمانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 41 هەزار و 677 ئۆتۆمبێڵی تێسلا فرۆشراون، ئەمە 46.1٪ی لە هەمان ماوەی پار کەمترە. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی کۆمەڵەکە، لەڕووی فرۆشی ئۆتۆمبێلەوە کۆمپانیای تێسلا لە پلەی 11ـەمدایە، هەریەک لە کۆمپانیاکانی ڤۆلکسواگن، بی ئێم دەبلیو، ریناوڵت، بی وای دی چینی زۆرترین ئۆتۆمبێلیان فرۆشت.
 
کۆتایی نیسانی ئەم ساڵ، کۆمپانیای تێسلا بڵاویکردەوە، چوار مانگی یەکەمی ئەم ساڵ فرۆشی ئۆتۆمبێلەکانیان لە جیهاندا 13٪ کەمیکردووە، ئەمەش بووە هۆی زیادکردنی گوشار لەسەر ئیلۆن مەسک، بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا. هەفتەی رابردووش مەسک بڵاویکردەوە، ماوەی کارکردنی لە حکومەتی ئەمریکا کەمدەکاتەوە و زۆرترین سەرنجی لەسەر کۆمپانیاکانی دەبێت. 
 
ئیلۆن مەسک کە بەرپرسی فەرمانگەی کارامەیی ئەمریکاشە لە سەرەتای ئیدارەی ترەمپەوە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە. بەشێکی ئەورووپییەکان و ئەمریکییەکان ئەو بە هۆکاری سەپاندنی پێناسە گومرگییەکان و کەمکردنەوەی کارمەندانی حکومەتی ئەمریکا لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە دەبینن. 
 
بە گوێرەی کۆمەڵە ئەورووپییەکە، نیسانی ئەم ساڵ فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی 26.4٪ بەراورد بە هەمان ماوەی پار زیادیکرد و 15.3٪ی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەو مانگەدا فرۆشران کارەبایی بوون. لە ئەڵمانیا، بەلجیکا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا فرۆشی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان زیادیکردووە و لە فەرەنسا کەمیکردووە. 
 
کۆمەڵەی ئەورووپی بۆ پیشەسازی ئۆتۆمبێل دەڵێت، 2.9٪ی ئەو ئۆتۆمبێلانەی نیسانی ئەم ساڵ لە یەکێتیی ئەورووپادا فرۆشران دروستکراوی ڤۆلکسواگن بوون و کە زۆرترینە لەنێو کۆمپانیاکاندا. هەروەها، 7.9٪ی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەو مانگەدا فرۆشران چینی بوون.