راوێژکاری ئەڵمانیا بۆ رووداو: دەمانەوێت بەخێرایی رێککەوتنامەی ئەتۆمی زیندووبکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، دەیانەوێت بگەڕێنەوە نێو رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و "بەخێرایی" بیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "ئێمە پلانی رێکاری هاوبەشی گشتگیرمان هەبوو بە گوێرەی پەیمانی نێودەوڵەتی ساڵی 2015ـی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، ئەورووپییەکان تێیدا مانەوە و ئەمریکییەکان لێی کشانەوە. ئێمە میکانیزمێکمان بۆ گەڕاندنەوەی سزاکان هەیە کە وڵاتانی ئەندام دەیانتوانی دەستی پێبکەن. دەمانەوێت بەخێرایی رێککەوتننامەی ئەتۆمی زیندوو بکەینەوە و دەست بە گفتوگۆ بکەینەوە."
رێککەوتنی ئەتۆمی لە 14ـی تەممووزی 2015 لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا لەنێوان وڵاتەکەی، ئێران، چین، رووسیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا و نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا واژۆ کرا.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی سنووردار کرد، لە بەرامبەردا رۆژئاوا بەشێک لە سزاکانی سەر ئێرانی هەڵگرت، بەڵام لە ساڵی 2018 ئەمریکا لە رێککەوتنەکە کشایەوە و ئێرانیش پابەندییەکانی کەم کردەوە.
راوێژکاری ئەڵمانیا لەبارەی دانوستانی ئەمریکا و ئێرانیش دەڵێت،"ئێران تاوەکو ئێستا نایەوێت راستەوخۆ بەشداری دانوستاندن بێت لەگەڵ ئەمریکییەکان."
ئەمریکا و ئێران تاوەکو ئێستا 5 گەڕی گفتوگۆیان لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە ئیتاڵیا و عومان ئەنجامداوە. بڕیار بوو رۆژی 15ـی حوزەیران گەڕی شەشەمی گفتوگۆیەکە لە مەسقەت بەڕێوەبچێت، بەڵام هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر تاران گفتوگۆکەی هەڵوەشاندەوە.
رۆژی 24ـی مانگ ئەمریکا ئاگربەستی ئێران و ئیسرائیلی راگەیاند و کۆتایی بە جەنگی 12 رۆژەی نێوانیان هات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە لە لووتکەی ناتۆ گوتی، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ئێران دەست بە گفتوگۆ دەکەنەوە و "رەنگە رێککەوتنێک بکەین."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی پێنجشەممە، 26-06-2025 ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە گفتوگۆی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا دەکەن.
عێراقچی گوتی،"دەمەوێت بەڕوونی بیڵێم، هیچ رێککەوتنێک، رێکخستنێک یان گفتوگۆیەک نەکراوە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان."