ژاپۆن 'بکوژی تویتەر'ی لەسێدارە دا

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ژاپۆن سزای لەسێدارەدانی بەسەر پیاوێکدا جێبەجێکرد کە لە ساڵی 2017دا 9 کەسی کوشتبوو. ئەمە یەکەم سزای لەسێدارەدانە لەو وڵاتەدا لە ساڵی 2022ـەوە جێبەجێ دەکرێت. 
 
زنجیرە کوشتنەکانی تاکاهیرۆ شیرایشی، کە نازناوی "بکوژی تویتەر"ی لێنراوە، وڵاتەکەی تووشی شۆک کردبوو و مشتومڕێکی گەورەی لەبارەی چۆنیەتیی باسکردنی بابەتی خۆکوشتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروستکردبوو.
 
تاکاهیرۆ شیرایشی، کە لە کاتی کردنی تاوانەکاندا تەمەنی 30 ساڵ بوو، قوربانییەکانی زۆربەیان کچی گەنج بوون و تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 26 ساڵیدا بوو، کچەکانی دەبردنە شوقەکەی، دوای ئەوەی دەیخنکاندن، پارچە پارچەی دەکردن.
 
تاوانەکان لە مانگی ئۆکتۆبەری 2017ـدا ئاشکرا بوون، کاتێک پۆلیس لە شاری زاما، لە نزیک تۆکیۆی پایتەخت، بەدوای یەکێک لە قوربانییەکاندا دەگەڕا و لە ئەنجامدا پارچەی جەستەی مرۆڤی دۆزییەوە.
 
شیرایشی دواتر دانی بەوەدانا 9 کەسی کوشتووە، کە بە گوتەی خۆی بیریان لە خۆکوشتن دەکردەوە. تاکاهیرۆ ئەو کەسانەی لە رێگەی پلاتفۆڕمی ئێکس ناسیبوون. هەروەها پێی گوتبوون کە دەتوانێت یارمەتییان بدات بۆ مردن و لە هەندێک حاڵەتیشدا بانگەشەی ئەوەی دەکرد لەگەڵ ئەواندا خۆی دەکوژێت.
 
تاوانبارەکە لە پڕۆفایلی ئێکسەکەیدا نووسرابوو: "دەمەوێت یارمەتی ئەو کەسانە بدەم کە بەڕاستی ئازار دەکێشن. تکایە نامەی تایبەتم بۆ بنێرن."
 
کاتێک پۆلیس هەڵیکوتایە سەر شوقەکەی، 9 تەرمی پارچەپارچەکراویان لەناو ماڵەکەی دۆزییەوە، کە دواتر لەلایەن میدیاکانەوە بە "ماڵی ترس و تۆقاندن" ناوبرا.
 
لەکاتێکدا داواکارانی گشتی داوای سزای لەسێدارەدانیان بۆ شیرایشی دەکرد، پارێزەرەکانی داوای سزایەکی سووکتریان دەکرد بە ناوی "کوشتن بە رەزامەندی"، بەو بیانووەی کە قوربانییەکان رەزامەندییان نیشانداوە بکوژرێن.
 
بەڵام شیرایشی دواتر خۆی دژی قسەکانی تیمی پارێزەرانی وەستایەوە و رایگەیاند، قوربانییەکانی بەبێ رەزامەندیی ئەوان کوشتووە.
 
ئەو تاوانانە بوونە هۆی ئەوەی کۆمپانیای تویتەر یاساکانی بگۆڕێت و رایگەیاند بەکارهێنەران نابێت "هانی خۆکوشتن یان زیانگەیاندن بە خۆیان بدەن".