حکومەتی ئەڵمانیا بەنیازە کرێی کارکردن زیاد بکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی کەمترین کرێی کارکردنی سەر بە وەزارەتی کاری ئەڵمانیا پێشنیازێکی بۆ زیادکردنی کەمترین کرێی کارکردنی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی بۆ 17.11 دۆلار بۆ هەر کاژێرێک داوەتە وەزارەتەکەی.
ئێستا کرێی هەر کاژێرێکی کارکردن لە ئەڵمانیا 15 دۆلارە. بە گوێرەی پێشنیازەکە، ساڵی داهاتوو دەکرێتە 16 دۆلار و ساڵی دواتر دەکرێتە 17.11 دۆلار.
ئەگەر پێشنیازەکە پەسندبکرێت ئەوا کەمترین مووچەی مانگانە لە ئەڵمانیا دوو هەزار و 926 دۆلاری ئەمریکی دەبێت، ئەمەش دووەم زۆرترینە لەدوای لوکسمبۆرگ کە سێ هەزار و 88 دۆلارە. لە دوای ئەوانیش بەلجیکا، هۆڵەندا و ئێرلاندە کە نزیکەی دوو هەزار دۆلاری ئەمریکییە.
بەگوێرەی میدیای ئەڵمانیا، پێشنیازەکەی کۆمیسیۆنی کەمترین مووچە لە ئەڵمانیا دەدرێتە وەزارەتی داد و پێویستە لەوێوە پەسند و جێبەجێبکرێت. هەروەها ئەم زیادکردنەی کەمترین مووچەیە بە رەچاوکردنی داهاتی وڵاتەکە، هەڵاوسان و چەند پرسێکی دیکەی ئابووری دەستکاری دەکرێت.
لە دوای جەنگی ئۆکراینا و رووسیا کە شوباتی 2022 دەستیپێکرد، خەرجی وزە و هەڵاوسان لە ئەڵمانیا بەرزبوونەوە. ساڵی 2021 هەڵاوسان لەو وڵاتە 3.1٪ بوو، بەڵام دوای دەستپێکی جەنگ گەیشتە سەرووی 7٪، ئەمەش بەهۆی ئەوەی زۆرینەی نەوت و گازی وڵاتەکە سەرچاوەکەی رووسیا بوو کە بەهۆی جەنگ و سزاکانەوە راگیرا.
پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە شوباتی ئەم ساڵ، پارتی سۆسیال دیموکرات و هاوپەیمانی پارتە کریستیانەکان بەڵێنی زیادکردنی کەمترین مووچەیان بە هاووڵاتییانی وڵاتەکەیان دا. ئێستا ئەو پارتانە پێکهێنەری حکومەتن.