چین بۆ رووداو: هیوادارین ئاگربەستێکی بەردەوام بۆ ئاشتیی ناوچەکە بەدەستبهێنرێت

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت، هیوادارن ئاگربەستێکی بەردەوام و کاریگەر بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەدەستبهێنرێت. 
 
گۆوا جەیکۆن، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە مەهدی فەرەج، پەیامنێری رووداو لە چین راگەیاند، "ئاڵوگۆڕی بازرگانی چین لەگەڵ عێراق بە شێوەیێکی ئاسایی پارێزراوە، و هیوادارین ئاگربەستێکی بەردەوام و کاریگەر بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەدەستبهێنرێت."
 
رۆژی 13ـی حوزەیران جەنگی ئێران و ئیسرائیل دەستیپێکرد و رۆژی 24 مانگ بە پێشنیازی ئەمریکا جەنگەکە کۆتایی هات.
 
وەزارەتی دەرەوەی چین لە چوارەمین رۆژی جەنگەکە بە رووداوی راگەیاند، "بەردەوام دەبین لە پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و زیادکردنی دانوستاندنی ئاشتی و دوورکەوتنەوە لە ناسەقامگیرکردنی زیاتری دۆخی ناوچەکە."
 
گۆوا جەیکۆ لەبارەی ئاسایشی وزەیش ئاماژەی بەوە دا، چین لەسەر بنەمای "بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی" ڕێوشوێنی گونجاو دەگرێتە بەر.