وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: سزادانی 14 بانک لە عێراق توانای سپیکردنەوەی پارەی کەسانی خراپی سنووردارکرد
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، وڵاتەکەی نیگەرانە لەو دابەشکارییەی لەنێو وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە و دەشڵێت، ئەمریکا سزای نەخستە سەر ئەو 14 بانکە عێراقییەی کە مامەڵەی دۆلاریان لەگەڵدا قەدەخەکراوە، بەڵکو دەڵێت، ئەو بانکانە لە لیستی بانکی ناوەندیی عێراق سڕاونەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 27ی تەممووزی 2023، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت، "ئەمریکا نیگەرانە لەبارەی کاریگەریی دابەشبوونی نێوخۆیی لە پڕۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە و "نیگەرانییەکانمان بە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان گوتووە."
رۆژی 21-09-2022، لە رێوڕهسمێكدا به سهرپهرشتيى نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان و به ئامادهبوونى مهسرور بارزانى، سهرۆكوهزيرانى ههرێمى كوردستان؛ سێلێست واڵندهر، ياريدهدهرى وهزيرى بهرگريى ئهمريكا بۆ كاروبارى ئاسايشى نێودهوڵهتى؛ جێگرانی سهرۆکی ههرێمی کوردستان؛ جێگری سهرۆکوهزیرانی ههرێمی کوردستان؛ باڵیۆزی ئهمریکا له عێراق ياداشتێكى لێكتێگهيشتن لهنێوان وهزارهتى پێشمهرگه و وهزارهتى بهرگريى ئهمريكادا واژۆ كرا.
بە گوێرەی یاداشتەکە، ئەمریکا پشتیوانی لە چاکسازی لەنێو وەزارەتی پێشمەرگەدا دەکات، یارمەتی دارایی پێشمەرگە دەدات، پشتگیری لە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکات.
پاتێڵ لە وەڵامی پرسیاری رووداو لەبارەی سزادانی 14 بانکە عێراقییەکان گوتی: "ئێمە سزامان نەخستە سەر ئەم 14 بانکە. پێشتر لە مانگی تەممووزدا، وەزارەتی گەنجینە و بانکی نەختینەی نیویۆرک(بانکی ناوەندیی ئەمریکا) 14 بانکی لە لیستی بانکی ناوەندیی عێراق سڕییەوە. ئەم کارە وایکرد توانای کاراکتەرە خراپەکان لە دەستگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی سنووردار بێت و سوود لە هەناردەی پارە وەرنەگرن."
رۆژی پێنجشەممە، 20-7-2023، بانکی ناوەندی عێراق لەسەر رێنمایی بانکی فیدراڵی ئەمریکا، راگرتنی مامەڵەی دۆلاری لەگەڵ 14 بانکی عێراقی راگەیاند و ئەوەش کاریگەری لەسەر بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار کرد نرخی دۆلاری بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەرزکردەوە.
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە بەربەستەکان و هەوڵەکانی چاکسازی بەردەم بانکی ناوەندی عێراق کرد و گوتی: "گەندەڵی ئاڵنگاری بۆ بانکی ناوەندی عێراق دروست دەکات. حکومەتەکەمان و حکومەتی عێراق بەیەکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی ئەو ئاڵنگارییانە تێپەڕێنن و هەروەها سەرۆکوەزیران سوودانی دەستپاکی لە سیستەمی دارایی عێراق بە جدیی وەرگرتووە و هەموو ئەو رێکارانە بە هاوئاهەنگی و هاوسەنگی نزیک لەگەڵ تێڕوانینی سەرۆکوەزیران دەکرێت و سەرۆکوەزیران شەڕی گەندەڵی دەکات و کەرتی دارایی عێراق مۆدێرن دەکات."
دەربارەی پرسیارێکی دیکەی رووداو، پاتێڵ باسی لە هەراسانکردنی درۆنەکانی ئەمریکا لە سووریا کرد و داوای لە رووسیا کرد لە هەراسانکردنی هێزەکانی ئەمریکا بوەستێت، "ئەو کارانەی رووسیا پێشێلکارییە بەرامبەر بەو پڕۆتۆکۆلەی راگەیێندراوە، پێشێلکاریشە بەرامبەر بە یاسا نێودەوڵەتییەکانیش. ئێمە داوا لە هێزەکانی رووسیا لە سووریا دەکەین هەر ئێستا ئەو کارە مەترسیدار و بێباکانەیان بوەستێنن، بێگومان ئێمە رێکاری پێویست دەگرینە بەر بۆ ئەوەی هێزەکانمان و خەلکی سیڤیلی لە ناوچەکە بە سەلامەتی بهێڵینەوە."
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: دوو پرسیارم لەسەر عێراق و ناوچەکە هەیە؛ لەبارەی ئەو سزایانەی کە خراونەتە سەر بانکە عێراقییەکان کە بوونە هۆی ناڕەزایی لە عێراق و کاریگەری لەسەر دیناری عیراقی دروستکرد: بۆچی ئەمریکا سزای خستە سەر ئەو بانکانە؟ ئایە ئێوە ئاگادارکردنەوەتان بە عێراق داوە دەربارەی چوونەدەرەوەی دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێی عیراق؟
ڤێدانت پاتێڵ: با کەمێک بگەڕێنەوە دواوە بۆ ئەوەی زیاتر روونبین، ئێمە سزامان نەخستە سەر ئەو 14 بانکە عێراقییە. لە سەرەتای مانگی تەممووز وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی ناوەندیی ئەمریکا 14 بانکیان لە لیستی ئەو بانکانە دەرهێنا کە دەتوانن لە بانکی ناوەندی عێراق دراوی بیانی وەربگرن و ئەو رێکارانە بووە هۆی ئەوەی توانای ئەو کەسە خراپانە سنووردار بکات کە دۆلاری ئەمریکی سپیدەکەنەوە و سوود لە پارەی عێراقییەکان وەردەگرن و خۆیان لە سزاکانی ئەمریکا دەدزنەوە. هەروەها دەمەوێت ئاماژە بەوەش بکەم کە گەندەڵی ئاڵنگاری بۆ بانکی ناوەندیی عێراق دروست دەکات. حکومەتەکەمان و حکومەتی عێراق بەیەکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی ئەو ئاڵنگارییانە تێپەڕێنن و هەروەها سەرۆکوەزیران سوودانی دەستپاکی لە سیستەمی دارایی عێراق بە جیدیی وەرگرتووە و هەموو ئەو رێکارانە بە هاوئاهەنگی و هاوسەنگی نزیک لەگەڵ تێڕوانینی سەرۆکوەزیران دەکرێت و سەرۆکوەزیران شەڕی گەندەڵی دەکات و سێکتەری دارایی عێراق بە مۆدێرنە دەکات.
رووداو: دوێنی ئەو پرسیارەم کرد و دووبارە ئەو پرسیارە دەکەمەوە؛ دەربارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئایە ئێوە بە سەرکردە کوردەکانتان راگەیاندووە کە پێش مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ وەزیری پێشمەرگە دیاریبکەن؟ هەروەها تێروانینی ئێوە لەسەر چاکسازییەکانی پێشمەرگە چییە؟
ڤێدانت پاتێل: هاوکارەکانم لە وەزارەتی بەرگری دەتوانن زیاتر لەسەر یاداشتی لێکتێگەیشتن قسە بکەن، بەڵام ئێمە بەردەوامین لە نیگەرانییەکانمان لەبارەی دابەشبوونی نێوخۆیی لە پرۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە و نیگەرانییەکانیشمان بە سەرکردە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
رووداو: دوایین پرسیارم لەسەر دنەدانەکانی رووسیایە لە سووریا. ئایا ئێوە وەڵامی ئەو دنەدانەی رووسیا لە باکووری رۆژئاوای سووریا دژی درۆنەکانتان دەدەنەوە؟
ڤێدانت پاتێل: من لە سەرەتای ئەو هەفتەیە هەندێک قسەم دەربارەی ئەوە کرد و دەمەوێت قسەکانی پێنتاگۆن و کۆشکی سپی دووپات بکەمەوە کە ئەو کارانەی رووسیا پێشێلکارین بەرامبەر بەو پڕۆتۆکۆلەی راگەیێندراوە، پێشێلکاریشن بەرامبەر بە یاسا نێودەوڵەتییەکان. ئێمە داوا لە هێزەکانی رووسیا لە سووریا دەکەین کە هەرئێستا ئەو کارە مەترسیدار و بێباکانەیان بوەستێنن، بێگومان ئێمە رێکاری پێویست دەیگرینە بەر بۆ ئەوەی هێزەکانمان و خەلکی سیڤیلی لە ناوچەکە بە سەلامەتی بهێڵینەوە.