ئەڵمانیا.. شەمەندەفەرێک لە رێڕەوی خۆی دەرچوو و چەندین سەرنشین بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ
 
لە ئەڵمانیا، شەمەندەفەرێک لە رێڕەوی خۆی دەرچوو و وەرگەڕا، بەهۆیەوە چەندین کەس برینداربوون.
 
رووداوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە، هەرێمی بادن-ڤۆرتمبێرگ لە باشووری رۆژئاوای ئەڵمانیا روویداوە. پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا رایگەیاند، بە دووری 135 کم دەکەوێتە رۆژئاوای شاری میونشنەوە.
 
لەبارەی زیانە گیانییەکانیش گوتی، دەیان بریندار هەن، بەڵام هێشتا زانیاریی وردمان لەسەر برینەکانیان نییە.
 
رووداوەکە کاژێر 6:10ی ئێوارە روویداوە، لە شارۆچکەی ریدلینگن سەر بە ناوچەی بیبەرباخ، کاتێک دوو فارگۆنی شەمەندەفەرەکە لەسەر هێڵە ئاسنینەکەیان دەرچوون و وەرگەڕاون. 
 
بەپێی میدیای ئەڵمانیا، شەمەندەفەرەکە 100 سەرنشینی تێدا بووە و ژمارەیەکیان گیانیان لەدەستداوە. بەڵام بەپێی لێدوانی پۆلیس، تەنیا بریندار هەن.
  
بەگوێرەی میدیای ئەو وڵاتە، تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هەوڵی رزگارکردنی خەڵک دەدەن.