ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی بازرگانی نێوانیان گەیشتنە رێککەوتن
رووداو دیجیتاڵ
لە سکۆتلاند سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا کۆبوونەوە و هەردوولا لەسەر بازرگانیی نێوانیان رێککەوتن. سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا بە جیا رێککەوتنەکەیان بە باش بۆ هەردوولا وەسفکرد.
رۆژی یەکشەممە، 27ی تەممووزی 2025، لە شاری ترونبێری لە باشووری شاری گلاسکۆی سکۆتلاند دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئورسولا ڤۆن دێرلاین بۆ گفتوگۆی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "رێککەوتنێکمان کرد کە بۆ هەمووان باشە". سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپاش هەمان وەسفی بۆ رێککەوتنەکە کرد.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، بە گوێرەی رێککەوتنەکە، ئەمریکا 15٪ پێناسی گومرگی بەسەر هاوردەی یەکێتیی ئەورووپادا دەسەپێنێت و بایی 600 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە وڵاتانی ئەو یەکێتییەدا دەکات.
کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆک لەکاتێکدایە بریارە لە 1ی ئابەوە، ئەمریکا پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیهاندا جێبەجێ بکات.
تاوەکو ئێستا تەنیا پێنج وڵات توانیویانە خۆیان لە پێناسە گومرگییەکانی واشنتن بپارێزن و رێککەوتنی بازرگانییان لەگەڵ ئەمریکا کردووە، کە بەریتانیا، ڤێتنام، ئیندۆنیزیا، فلیپین و ژاپۆنن.
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، پار 976 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکادا هەبوو، 606 ملیاری هەناردەی ئەورووپا بوو بۆ ئەمریکا.