ترەمپ دەیەوێت ناوی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی بکاتە وەزارەتی جەنگ؛ هۆکارەکەی بزانە

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، دەیەوێت ناوی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی بکاتە وەزارەتی جەنگ. دەشڵێت، ئەو هەنگاوە ئاماژەیەکی بەهێزتری بۆ ئەمریکا دەبێت.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، دەکرێت "لە چەند هەفتەی داهاتوودا" ناوی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی بکاتە وەزارەتی جەنگ. ئاماژەی بەوەش کرد، لەوانەیە ئەو هەنگاوە پێویست بە رەزامەندیی کۆنگرێس نەکات و "خۆمان راستەوخۆ جێبەجێی بکەین."
 
ساڵی 1947 و دوای جەنگی دووەمی جیهانی، کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی بە پاڵپشتیی هاری تروومان، سەرۆکی ئەوکاتی وڵاتەکەی بۆ گۆڕینی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بۆ وەزارەتی بەرگری پەسند کرد. وەزارەتی جەنگ لە ساڵی 1789 دامەزرا.
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "کاتێک لە جەنگی یەکەمی جیهانی و جەنگی دووەمی جیهانیدا سەرکەوتین، وەزارەتەکە ناوی وەزارەتی جەنگ بوو. بە بۆچوونی من، ئەوە ئەرکە سەرەکییەکەیەتی (نەوەک پاراستنی ئاشتی و شتی هاوشێوە). هەموو کەس حەزی بەو مێژووە سەرکەوتوو و باوەڕپێنەکراوەیە کە وەزارەتی جەنگ هەیبوو، بەڵام دواتر ناوەکەی کرایە وەزارەتی بەرگری."
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "بەرگری؟ ئێمە بەرگری لەچی دەکەین؟ ئەوە پێشتر پێی دەگوترا وەزارەتی جەنگ و مانایەکی بەهێزتری هەبوو."