بەهۆی تەقەکردن لە قوتابخانەیەکی ئەمریکا دوو کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ویلایەتی مینیسۆتا بڵاویکردەوە، لە قوتابخانەیەکی شاری مینیا پلەس کەسێک تەقەی لە ژمارەیەک هاووڵاتی کرد و بەهۆیەوە 20 کەس بوونە قوربانی. بەرپرسێکی شارەکە دەڵێت، دوو کوژراو لەنێو قوربانییەکان هەن.
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، لە قوتابخانەیەکی شاری مینیاپلەسی ویلایەتی مینیسۆتا کەسێک تەقەی لە ژمارەیەک هاووڵاتی کرد. پۆلیسی مینیا پلەس رایگەیاند، بەهۆی رووداوەکەوە دوو کەس کوژران و 20ـی دیکەش بریندار بوون.
پۆلیسی مینیاپلەس دەشڵێت، تەقەکەرەکە دەستگیرنەکراوە، بەڵام مەترسی لەسەر ناوچەکە نەماوە.
تیم واڵز، حاکمی ویلایەتی مینیسۆتا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "رووداوەکە تۆقێنەرە".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیال بڵاویکردەوە، "رووداوەکەی مینیا پلەس تراژیدیایە". دەشڵێت، "کۆشکی سپی چاودێری دۆخەکە دەکات و پێویستە نزا بۆ هەمووان بکەین".
ئەمریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی ساڵانە ژمارەیەکی زۆر رووداوی تەقەکردنی تێدا روودەدات، بەشێکی بەهۆی کۆنترۆڵنەکردنی چەکە لە دەستی حکومەت و ئاسانی دەستکەوتنیەتی لە بازاڕەکاندا.
بە گوێرەی ماڵپەڕی گەن ڤایۆلێنس (تووندووتیژی چەک) ئەرکایڤی ئەمریکی، پار لەو وڵاتە 41 هەزار و 6 کەس بە چەک کوژراون لە کاتێکدا پێرار ژمارەکە 43 هەزار و 302 کەس بوو.