کۆڵۆمبیا؛ دوای 50 ساڵ بزووتنەوەی فارک و حکومەت رێککەوتن

رووداو - هەولێر

دوای 50 ساڵ شەڕ و ئاڵۆزی، بزووتنەوەی فارک و حکومەتی كۆڵۆمبیا رێککەوتن و بە فیشەکی شەڕی نیو سەدەی نێوانیان لاپەڕەی ئاشتییان واژۆکرد.

رۆژی سێشەممە 27-9-2016 لە کۆڵۆمبیا بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی خۆشحاڵ ئاهەنگی واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی نێوان حکومەت و بزووتنەوەی فارک ئەنجامدرا.

دوای 4 ساڵ لە دانوستاندنی سیاسی لە شاری هاڤانا، پایتەختی کوبا و بەنێوەندکاری خودی رائول کاسترۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە، هەردوولا رێککەوتنەکەیان بەئامادەبوونی دوو هەزار و 500 کەسایەتی بیانی واژۆکرد کە لە 297 لاپەڕە پێکهاتووە.

خوان مانوێل سانتۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا گوتی "رێگەبدەن دەرگاکان بەڕووی داهاتوودا بکەینەوە. با پێکەوە هەموومان لاپەڕەیەکی مێژوویی نوێ هەڵدەینەوە، بە یەکبوونمان بەهێزتر دەبین و ئامانجەکانمان دەستەبەر دەکەین. تێپەڕبوون بەسەر بەربەستەکان ئێمە بەو نیشتمانە دەگەیەنێت کە ساڵانێکە خەونی پێوەدەبینین، نیشتمانی ئاشتی".

دوای 50 ساڵ لە شەڕی چەکداری و کوژرانی زیاتر لە 220 هەزار و ئاوارەبوونی زیاتر لە 8 ملیۆن کەس، سەرۆکی کۆڵۆمبیا و سەرکردەی بزووتنەوەی فارک دەستیان خستە نێو دەستی یەک و پەردەیان بەسەر مێژوو خوێناوییەکەیان دادایەوە.

خوان مانوێل سانتۆس و رۆدریگۆ لۆندۆنۆ، سەرکردەی بزووتنەوەی "فارک" ناسراو بە "تیمۆچینکۆ" بە پێنووسی گوللە رێککەوتنی ئاشتییان واژۆکرد.

کۆتری ئاشتی لە سنگی سەرۆکی کۆڵۆمبیا بۆ سەرکردەی بزووتنەوەی فارک گوازرایەوە و دەرگا بەڕووی هیوا بە رۆژێکی نوێ کرایەوە، لانی کەم بەگوتەی واژۆکارانی رێککەوتنەکە.

رۆدریگۆ لۆندۆنۆ، سەرکردەی بزووتنەوەی فارک گوتی "فەرمانمان دەرکرد بە پێکهێنانی پارتێکی سیاسی و بزووتنەوەیەکی سیاسی نوێ و کۆتاییمان بە شەڕی چەکداری هێنا. ئێمە لەمەولا کار بۆ فراوانکردنی دیموکراسی دەکەین. بەرەو سیاسەت بەبێ چەک هەنگاو دەنێین. با هەموومان پێکەوە دڵ و هزرمان لە چەک پاکبکەینەوە".

جگە لە وەستاندنی شەڕ، بەگوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت بزووتنەوەی فارک لەماوەی 180 رۆژدا چەکەکانی رادەستی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات و هاوکات حکومەتی کۆڵۆمبیا لێبوردنی گشتی لەبەرامبەر چەکدارانی بزووتنەوەکە، جگە لەو چەکدارانەی کە تاوانی گەورەی جەنگیان ئەنجامداوە، دەردەکات.

ئەنجامدانی چاکسازی کشتوکاڵی و تێکەڵکردنەوەی چەکدارانی بزووتنەوەکە بە پێکهاتەی کۆمەڵگەی کۆڵۆمبیا بەشێکی گرنگی رێککەوتنەکەیە.

لەساڵی 1964 بزووتنەوەی فارك چەکی دژ بە حکومەتی کۆڵۆمبیا هەڵگرت، دوای 50 ساڵ بە هەمان فیشەکی شەڕ، لاپەڕەی ئاشتی واژۆکرا.