ململانێی کۆتایی؛ بێریڤان ئایماز بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی 'کوێلن'ی ئەڵمانیا دەجەنگێت

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی یەکشەممە 28ی ئەیلوولی 2025 لە شاری کوێلن گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی گەورەشارەوانی بەڕێوەدەچێت، لە گەڕی یەکەمدا هیچ بەربژێرێک نەیتوانی زۆرینەی دەنگەکان بهێنێت. بێریڤان ئایماز، کە کوردە، زۆرترین دەنگی هێنا، بەڵام نەیتوانی بە گەڕی یەکەم ببێتە سەرۆکی شارەوانی.
 
رۆژانی کۆتایی پێشبڕکێی هەڵبژاردن، کە دژوار و سیاسییە، بۆ بێریڤان ئایماز هەر سڵاوێک گرنگیی خۆی هەیە. سەرۆکی شارەوانیی نوێی شارەکە لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا دیاری دەکرێت و ئێستا هەر دەنگێک بۆ بەربژێرە رکابەرەکان گرنگە.
 
بێریڤان ئایماز، بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی گەورە شارەوانیی کوێلن دەڵێت، "بێگومان بەردەوام دەبم لە سەردانکردنی ئەو گەڕەکانەی ژمارەیەکی زۆر گەورەی دەنگم تێیاندا بەدەستهێناوە، بۆئەوەی بیری هەمووانی بخەمەوە کە لە 28ی ئەیلوول جارێکی دیکە هەموو دەنگێک گرنگە، بەڵام دەچمە ئەو گەڕەکانەش کە لە دەرەوەی پارتەکەم دەنگم لێیانەوە بەدەستهێناوە، ئەو شوێنانەی قەڵای پارتی سەوزەکان نین."
 
ئایماز بەربژێری پارتی سەوزەکانە و خەڵکی باکووری کوردستانە، لە قۆناخی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردندایە، دوای گەڕی یەکەم، زیاتر لە 28%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، ئێستاش رووبەڕووی رکابەرەکەی لە پارتی سۆسیال دیموکرات دەبێتەوە، ئەمڕۆ ستراتیژییەکەی روونە، راستەوخۆ قسە لەگەڵ خەڵک دەکات و گرنگیی ئەو چەند رۆژە لەوەدایە کە دەنگدەران لەسەر شەقامەکان رازی بکات.
 
ئەو بەربژێرە کوردە بۆ پۆستی سەرۆکی گەورە شارەوانیی کوێلن باسی لەوە کرد، "بە بابەتەکانی ئەم شارە بەشداریی بانگەشەی هەڵبژاردنم کرد، بۆ نموونە خانوو بە نرخی گونجاو، سیستمێکی باشی گواستنەوەی گشتی، پاس و شەمەندەفەر، کە مرۆڤ هەست بکات بە شێوەیەکی سەلامەت لە شوێنێکەوە دەگاتە شوێنێکی دیکە، بەڵام لە هەمان کاتدا دۆخی سەر شەقامەکان، بەکارهێنانی ئاشکرای ماددە هۆشبەرەکان کە بۆ نموونە لە نۆیمارکت هەیە، ئەمانە ئەو بابەتانەن کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا باسم لێوە کردوون، ئەمە لە رۆژانی داهاتووشدا دەبنە بابەتی گفتوگۆ."
 
لەبری ئەوەی بە گوتاری گەورە قسە بکات، لەنێو خەڵکدا دەگەڕێت و دیداری رووبەڕوو ئەنجام دەدات بۆ دروستکردنی متمانە و بەدەستهێنانی پشتیوانی؛ بێریڤان ئایماز نیشانی دەدات کە بۆ ململانێی ئەم هەڵبژاردنە ئامادەیە، پەیامەکەشی روونە کە پشتی بە خەڵک بەستووە.
 
بۆچوونی دەنگدەران لەبارەی بەربژێربوونی ئایماز
 
کائان ئاککایا، خوێندکار دەڵێت، "بە بڕوای من، ئەو بە دڵنیاییەوە زۆر باشتر لێمان تێدەگات، چونکە خۆی لەناو ئەو شتانەدا ژیاوە کە ئێمە تێیدا دەژین، پێموایە دیدگایەکی باشتری لەسەر ئەمە دەبێت، نەک وەکو کەسێک کە لەمە تێناگات و وەکو ئێمە خەڵکی هەمان بنەچە نەبێت."
 
لوتز مارکوارت، راهێنەر و مۆدێل گوتی، "خۆم هەمیشە لەگەڵ ئەوەدام ژنێک ببێتە بەربژێر، واتە ئەمە بە شتێکی زۆر باش دەبینم. ژنان هەستی هاوسۆزییان هەیە، بەتایبەتی بۆ بەڕێوەبردنی شارێک، هەروەها من باکگراوندی ئەو وەکو ژنێکی کوردی باکووری کوردستان بە زۆر سەرنجڕاکێش دەبینم، پێموایە ئەو لەنێو زۆر شتدا ژیاوە و خاوەنی چیرۆکێکی کاریگەرە. لە شارێکی وەکو ئەمەدا کە بە ملیۆنان کەس و بێگومان زۆر ژنی کۆچبەر و کەسانی خاوەن باکگراوندی کۆچبەریی تێدا دەژین، دەتوانێت بە ئاسانی لە خەڵک تێبگات."
 
پاولینا ردوخ، پسپۆڕی خۆراک باسی لەوە کرد، "زۆر پێشوازیی لێدەکەم، لەبری ئەوەی رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر لە یەکدی دووربکەوینەوە لە یەکدی نزیک ببینەوە، پێموایە ئەمە یەکێکە لەو ئامانجانەی دەبێت پەیڕەو بکرێت و هەوڵی جێبەجێکردنی بدرێت، هەروەها دەبێت ئەمە سەرەتا لە بچووکترین ئاستەوە دەست پێبکات."
 
ئەم پشتیوانییە بۆ بێریڤان ئایماز جێگەی هیوایە و لەم کاژێرە کۆتاییانەدا ئامانج ئەوەیە کە دەنگدەرە دوودڵەکان رازی بکرێن.
 
شانسی بێریڤان ئایماز و پارتی سەوزەکان بۆئەوەی لەم رۆژانەدا لە هەڵبژاردنە یەکلاکەرەوەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی گەورەی کۆڵن دەنگی زۆر بەدەستبهێنن، گەلێک گەورەیە، لە رۆژانی داهاتوودا ئەو و رکابەرەکەی لە پارتی سۆسیال دیموکرات بۆ ئەو پۆستە ململانێ دەکەن.
 
هەر سەبارەت بە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکشارەوانیی شاری کوێلن لە ئەڵمانیا؛ چیلەر فیرتنە، رۆژنامەڤانی ناسراوی کورد و ئەڵمانی، میوانی دیاسپۆرا بوو، تیشکی خستەسەر گرنگیی هەڵبژاردنەکە و رۆڵی بێریڤان ئایماز، بەربژێری پارتی سەوز و بەشداریی کورد لەم پرۆسەیەدا.
 
فیرتنە، کە لەنزیکەوە بەدواداچوونی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکە کردووە، ئاماژەی بەوە دا، بێریڤان ئایماز لە گەڕی یەکەمدا زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام سەرکەوتن لە گەڕی دووەمدا زۆر زەحمەتە، هۆکاری ئەمەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD) و پارتی راستڕەو (AfD) داوایان لە دەنگدەرانیان کردووە پشتگیری لە بەربژێری SPD بکەن، "ئەمەش وایکردووە کێبڕکێکە زۆر تووند بێت و تاوەکو دوا سات پێویستە بجەنگین و زۆرترین دەنگ بۆ بێریڤان بەدەستبهێنین."
 
 
فیرتنە باسی لە خاڵە لاوازەکانی رکابەرەکەی بێریڤان کرد و گوتی، "رکابەرەکەی بێریڤان پرۆفایلێکی شەخسیی دیاریکراوی نییە، بەڵکو ئەجێندایەکی حیزبیی هەیە." ئاماژەی بەوەش دا، رکابەرەکەی پشتیوانی لە دروستکردنی تونێلێک بۆ میترۆ دەکات لە کێلڵن، کە ملیۆنان یۆرۆی تێدەچێت، "پارتی سەوز و بەتایبەتی بێریڤان دژی ئەم پڕۆژەیەن، چونکە پێویستمان بەو پارەیە بۆ چارەسەرکردنی کاروباری کۆمەڵایەتی و کێشەکانی دیکە."
 
ئەو روونیکردەوە، ئەمە یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانی رکابەرەکەی، چونکە زیاتر پەرە بە بابەتی سیاسی دەدات کە لە خزمەتی خەڵکی کوێلن و ئەڵمانیادا نییە، "ئێمە شەڕێکی کەسایەتی لە دژیدا ناکەین، بەڵکو ململانێیەکی سیاسی لەسەر پرسە سیاسییەکاندا لە دژیدا دەکەین."
 
فیرتنە روونیکردەوە، ئەنجامە باشەکانی بێریڤان لە گەڕی یەکەمدا وایکردووە دەنگدەران لەنێو شاری کوێلن باوەڕیان بە سەرکەوتنی ئەو هەبێت و زیاتر هانبدرێن دەنگی پێبدەن، "تەنانەت ئەگەر کۆچبەربن، ژن بن، ئەوانەی لێرەن لە کوێلن زەحمەتە بۆ ئەوان کە خۆیان بۆ پۆستێکی لەم شێوەیە بەربژێر بکەن بۆ سەرۆکشارەوانی، بەڵام بینیمان کە دەنگدەران کە پاشخانەی کۆچبەرانیان هەیە، دەنگیان دا و پشتیوانییان لە بێریڤان کرد."
 
سەبارەت بە هەڵمەتی بانگەشە، فیرتنە گوتی، "هەڵمەتێکی زۆر روون و چالاکمان دەستپێکردووە لەسەر شەقامەکان، هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان." هەروەها ئاماژەی بەوە دا، هەموو کەسێک هەوڵدەدات دراوسێ، هاوڕێ و خزمەکانی قایل بکات تاوەکو مافی دیموکراسی خۆی بەکاربهێنێت و دەنگ بدات.
 
فیرتنە باسی لە چالاکییەکانی بێریڤان لە دوو هەفتەی رابردوودا کرد و گوتی، "هەموو رۆژێک پانێلێک رێکدەخرێت لە شوێنی جیاجیا لە شارەکەدا بۆئەوەی خەڵکەکە بڕۆن گوێی بۆ بگرن." دەشڵێت، "لەم پانێلانەدا بێریڤان و رکابەرەکەی باس لە گرنگترین پرسەکانی کوێلن دەکەن و هەر کەسێک دەتوانێت بڕوا لەوێ گوێ بگرێت، پرسیار بکات و وەڵامەکانی خۆی وەربگرێتەوە."
 
هەروەها جەختی لەسەر ماندووبوونی بێریڤان کردەوە و گوتی، "بەتایبەتی دوو هەفتەی رابردوو زۆر زەحمەت بوون، چونکە رۆژانە چەندین جار بەشداری لە پانێلەکاندا دەکرد بۆ ئەوەی دەنگدەران قایل بکات."
 
فیرتنە باسی لە گرنگیی رۆڵی کوردانی دانیشتووی کوێلن کردەوە، کە ژمارەیەکی زۆریان هەن و لە سەرانسەری کوردستانەوە هاتوون، "زۆر لەوانەش وڵاتینامەی ئەڵمانییان هەیە، بۆیە دەتوانن دەنگ بدەن." ئەو داوای لە کوردی دیاسپۆرای هەرێمەکە کرد رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دووبارە بڕۆن دەنگ بدەن و مافی خۆیان بەکاربهێنن.
 
فیرتنە هۆشداریی دا لەوەی، "هەندێک کەس وا بیر دەکەنەوە SPD و کریستیان دیموکرات، ئەوانیش پشتیوانی لە SPD دەکەن... و دەڵێن، بێریڤان دەرفەتی بردنەوەی نییە، بەڵام بەڕاستی ئەمە راست نییە." ئەو جەختی لەسەر رۆحییەتی کورد کردەوە و گوتی، "ئێمە کوردین، ئێمە شەڕ بۆ مافەکانمان دەکەین... هەموو کەسێک هان دەدەین بۆ ئەوەی رۆژی یەکشەممە بڕوا مافی دیموکراسی خۆی بەدەست بێنێت و دەنگ بە بێریڤان بدات."
 
لە کۆتاییدا، فیرتنە داوای لە هەموو ئەو کەسانە کرد کە گوێ لە پرۆگرامەکە دەگرن پەیوەندی بە خزم و دراوسێکانیانەوە بکەن و داوایان لێ بکەن دەنگ بدەن، گوتیشی، "تەنیا پێویستیان بە ئایدی کارد هەیە بۆ ئەوەی دەنگ بدەن... زۆر زەحمەت نییە." کۆتایی بە قسەکانیشی هێنا بەوەی، "بێریڤان هەموو کوردەکانی یەکخستووە و هیوایان بەوە هەیە سیاسەتێکی باشتر بکەن لێرە لە کوێلن کە بۆ هەموو کەسێک بێت، نەک تەنیا بۆ ئەڵمانییەکان، بەڵکو بۆ ئەوانی دیکەش، بەتایبەتی بۆ کورد، بۆیە گرنگە بەڕاستی بڕۆن دەنگ بدەنە بێریڤان."