دوو ژن لە هەوڵی پەڕینەوە بۆ بەریتانیا گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی فەرەنسا رۆژی شەممە رایانگەیاند، دوو ژنە کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز بۆ بەریتانیا، گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 60 کەسی دیکەش رزگارکراون.
رووداوەکە لە باشووری کەناراوەکانی نیفشاتێل- هاردلۆت روویدا. کاتێک نزیکەی 100 کەس هەوڵیان دا بە بەلەمێکی خراپ خۆیان بگەیێننە بەریتانیا.
ئیزابێل فرادین- تیرۆد، بەرپرس لە شاری مۆنترۆی- سورمێری فەرەنسی رایگەیاند: "ئێستا نزیکەی 60 کەس چارەسەری تەندروستییان پێ دەدرێت."
ئاماژەی بەوەشکرد، خێزانێک و منداڵەکەیان بەهۆی دابەزینی پلەی گەرمی جەستەیانەوە بەپەلە گەیێندراونەتە نەخۆشخانەیەک لە شاری بۆلۆن.
بەپێی ئاماری فەرمیی فەرەنسا، بەم رووداوە ژمارەی ئەو کەسانەی ئەم ساڵ لە کاتی پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە لانیکەم 25 کەس.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکراوە کە 32 هەزار کۆچبەر بە بەلەمی بچووک لە نۆکەندی ئینگلیز پەڕیونەتەوە و گەیشتوونەتە بەریتانیا.
بەپێی رێککەوتنێکی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا، لەندەن دەتوانێ ئەو کۆچبەرانە بگەڕێنێتەوە کە داواکاریی مافی پەنابەرییان رەت کراوەتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی لە رێگەی "وڵاتێکی ئارام"ـەوە گەیشتوونەتە کەناراوەکانی بەریتانیا.
لە بەرامبەر دیپۆرتکردنەوەی هەر کۆچبەرێک، بەریتانیا کۆچبەرێک لە فەرەنساوە وەردەگرێ، بەڵام دەبێت کۆچبەرەکە شایستەی پێدانی مافی پەنابەری بێت.
ئەم هەنگاوە نەیتوانیوە بە کردەوە ببێتەهۆی ساردکردنەوەی کۆچبەران لە گرتنەبەری رێگە مەترسیدارەکە، چونکە زۆربەیان سەختی و مەترسیی زۆریان بینیوە تاوەکو گەیشتوونەتە فەرەنسا.
سەعد، گەنجێکی فەلەستینیی 30 ساڵە و دەڵێت: "ئەگەر لێرە بمێنمەوە، دەمرم. ئەگەریش بگەڕێمەوە وڵاتەکەم، هەر دەمرم."