نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا: هەڵەبجە دەبێتە دەستەخوشکی شاری گرنیکا

 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا دەڵێت، سەردانی پارێزگاری شاری گرنیکای لە ئیسپانیا کردووە و بڕیارە شارەکە و شاری هەڵەبجە ببنە دەستەخوشک.
 
دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ تەواوکردنی کارەکانی بەدەستەخوشکبوونی هەڵەبجە و شاری گرنیکا، دوێنێ سەردانی ماریا گۆرۆنیۆ، پارێزگاری گرنیکام کرد و کۆبووینەوە."
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری گرنیکا گوتوویەتی، "دوای هەڵسەنگاندن وردی ئەندامانی ئەنجوومەنمان، بڕیارمانداوە کە لەگەڵتان کاربکەین تاوەکو هەردوو شار (هەڵەبجە و گرنیکا) ببنە دەستەخوشکی یەکدی."
 
دارەوان حاجی حامید گوتیشی، "بۆ تەواوکردنی کارەکان بڕیارە بۆ ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، پارێزگاری گرنیکا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەوێش نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بانگهێشتی ئیسپانیا بکات، بۆئەوەی لە ساڵیادی بۆردوومانی شاری گرنیکا لە 26-04-2026 رێککەوتنی دەستەخوشکی واژۆ بکەن."
 
هەروەها ئاماژەی بە دەستەخوشکبوون و گرنگییەکەی بۆ هەڵەبجە کرد و گوتی، "دوای رێککەوتن کاری هاوبەش دەستپێدەکات و لە بواری کۆمپانیاکان، بازرگانی، وەرزشی، گەشتیاری، کولتووری و تەنانەت هەلی کاریش هاوئاهەنگی یەکتر دەکەن و هەڵەبجە دەتوانێت سوودی لێوەربگرێت."
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەگەر هەردوو شار پابەندی رێککەوتنی دەستەخووشکی ببن، بێگومان تەنیا رێککەوتنی ناو نابێت و لە هەموو رووەکانەوە سوود بە هەردوو شارەکە دەگەیێنێت."
 
دارەوان حاجی حامید ئاماژەی بەوەش کرد، داوایان کردووە وەکو شارێکی رەمزی قوربانیدان، لەو شارەی ئیسپانیا پارکێک بەناوی هەڵەبجەوە بکرێت.