راپۆرتێک: سیستمی پەنابەریی بەریتانیا شکستخواردوو و تێچووی زۆرە

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی نوێی پەرلەمانی بەریتانیا، کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، ئاشکرایکرد، وڵاتەکە بەهۆی "گرێبەستی هەڵە" و نەبوونی چاودێرییەکی کاریگەرەوە "ملیارەها پاوەندی بەفیڕۆداوە" لە پرۆسەی نیشتەجێکردنی داواکارانی مافی پەنابەریدا. راپۆرتەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە شوێنەکانی نیشتەجێکردن زۆرجار نەگونجاو بوون و تێچوویەکی زۆریان لەسەر بودجەی گشتی دروستکردووە.
 
ئەم راپۆرتە، کە لەلایەن لیژنەی کاروباری ناوخۆی پەرلەمانەوە ئامادەکراوە، گوشارێکی سیاسیی زیاتر دەخاتە سەر کییەر ستامەری سەرۆکوەزیران بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی کۆچ. 
 
لە کۆتایی هەفتەدا، حکومەتەکەی ستامەر رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە بەهۆی ئۆپەراسیۆنێکی گەڕانی بەرفراوان بەدوای داواکارێکی مافی پەنابەری و تاوانبارێکی سێکسیدا کە بە هەڵە و پێشوەختە لە زیندان ئازادکرابوو، ئەمەش وەکو نموونەیەکی شکستی سیستمەکە خرایەڕوو.
 
کۆچبەرە ئەسیوپییەکە، هادوش کیباتو، کە پێشتر بەهۆی دەستدرێژیی سێکسییەوە بۆ سەر کچێکی هەرزەکار و ژنێک سزای 12 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرابوو، بووە هۆی وروژاندنی توڕەیی گشتی و لە هاوینی ئەمساڵدا خۆپێشاندانی بەرفراوانی دژەکۆچی لێکەوتەوە.
 
خۆپێشاندەران، بەتایبەتی لە شارۆچکە و ناوچە جیاوازەکاندا، ئەو هۆتێلانەیان کردە ئامانج کە وەزارەتی ناوخۆ گرێبەستی درێژخایەنی لەگەڵدا کردوون بۆ نیشتەجێکردنی کۆچبەران، لەکاتێکدا چاوەڕێی بڕیاردان لەبارەی داواکارییەکانیانەوە دەکەن بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری.
 
پۆلیسی بەریتانیا دوای گەڕانێکی چڕ رایگەیاند، کیباتو رۆژی یەکشەممە لە پارکێکی لەندەن دووبارە دەستگیرکرایەوە.
 
بەرزبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی  داواکارانی مافی پەنابەری کە بۆ ماوەیەکی درێژ لە شوێنی نیشتەجێبوونی کاتیی حکومیدا دەمێننەوە لە 47,500 کەس لە کۆتایی ساڵی 2018ـەوە بۆ زیاتر لە 103,000 کەس لە حوزەیرانی 2024، نیگەرانی و تووڕەیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەتی لەبارەی تێچووی بەرزی ئەم پرۆسەیەوە.
 
لیژنەی کاروباری ناوخۆ لە راپۆرتەکەیدا بۆی دەرکەوتووە، تێچووی پێشبینیکراو بۆ نیشتەجێکردنی داواکارانی مافی پەنابەری لە ماوەی 10 ساڵدا، واتە لەنێوان ساڵانی 2019 بۆ 2029، زیاتر لە سێ هێندە زیادیکردووە و لە 4.5 ملیار پاوەندەوە (نزیکەی 6 ملیار دۆلار) بۆ 15.3 ملیار پاوەند (20.4 ملیار دۆلار) بەرزبووەتەوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، هەرچەندە بەکارهێنانی هۆتێلەکان بۆ ئەم مەبەستە لە لووتکەی خۆی لە ساڵی 2023 لە سەردەمی ئیدارەی پێشووی پارتی پارێزگاراندا کەمیکردووەتەوە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ هێشتا "بە رادەیەکی زۆر و نائاسایی پشت" بەو بژاردە تێچوو زۆرە دەبەستێت.
 
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، ئێستا زیاتر لە 32,000 کۆچبەر لە سەرتاسەری بەریتانیادا لە هۆتێلەکاندا نیشتەجێکراون.
 
لیژنەکەی پەرلەمان رایگەیاند، "هۆتێلەکان لە چارەسەرێکی کاتییەوە بوونە چارەسەری سەرەکی و بنەڕەتی بۆ نیشتەجێکردنی داواکارانی مافی پەنابەری، کە بووەتە هۆی دروستبوونی سیستمێکی شکستخواردوو، کە تێچووی زۆرە، لەلایەن کۆمەڵگە خۆجێییەکانەوە پەسند نییە و بۆ خودی داواکارانی مافی پەنابەریش نەگونجاو و زیانبەخشە."
 
چەندین کۆمەڵگەی خۆجێی نیگەرانیی خۆیان لەبارەی کاریگەرییەکانی لەسەر سەلامەتیی گشتی و هەروەها بەکارهێنانی هۆتێلەکان بۆ نیشتەجێکردنی کاتی دەربڕیوە، کە زیانی بە کەرتی گەشتیاریی ناوچەکانیان گەیاندووە.
 
لەلایەکی دیکەوە، گرووپەکانی مافی کۆچبەران رەخنەیان لەو بەڵێندەرە تایبەتانە گرتووە کە بەرپرسن لەم شوێنانە، بەهۆی پابەندنەبوون بە ستانداردە بنەڕەتییەکانی پاکوخاوێنی و دابینکردنی ژینگەیەکی ناتەندروست، لەکاتێکدا قازانجێکی زۆر لەم گرێبەستانە دەکەن.
 
راپۆرتەکە بۆی دەرکەوتووە کە وەزارەتی ناوخۆ "شکستیهێناوە لە دڵنیابوونەوە لەوەی کە خزمەتگوزارییەکانی دابینکەران و بەڵێندەرەکان بەردەوام لە ئاستی ستانداردە داواکراوەکاندان،" ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەمتەرخەمی لە چاودێریکردندا.
 
حکومەتەکەی ستامەر، کە سەر بە پارتی کرێکارانە، بەڵێنیداوە تاوەکو ساڵی 2029 بەتەواوی کۆتایی بە بەکارهێنانی هۆتێلەکان لە سیستمی پەنابەریدا بهێنێت، ئەمەش وەکو بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی کەڵەکەبووی دۆسیەکانی داواکاریی مافی پەنابەری و خێراکردنی پرۆسەکە.