گوتەبێژەکەی: سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە وردی چاودێریی چەکدانانی پەکەکە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند: "سکرتێری گشتی زۆر بە وردی چاودێریی پێشکەوتنەکان سەبارەت بە پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە و بڕیارەکەی بۆ هەڵوەشاندنەوە و دانانی چەک دەکات."
 
رۆژی دووشەممە، ستیڤان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، "ئاگاداری راگەیاندنی پەکەکەین کە هێزەکانی لە تورکیاوە بۆ عێراق دەکشێنێتەوە."
 
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی، "سکرتێری گشتی هەموو لایەک هان دەدات بە نیازپاکیەوە پرۆسەکە جێبەجێ بکەن."
 
رۆژی یەکشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2025 پەکەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بناری قەندیل لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەموو هێزەکانی لە باکووری کوردستان و تورکیا دەکشێنێتەوە.
 
کشانەوەی ئەو گەریلایانەی پەکەکە دوای ئەوە هات، رۆژی 11-7-2025 لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری قەزای دووکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، 30 گەریلای پەکەکە وەک "نیازپاکی" بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری، چەکەکانیان سووتاند. 
 
سووتاندنی چەکی ئەو گەریلایانە دوای ئەوەهات، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ـی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.