ئەمریکا هاوکاریی دانیشتووانی پارێزگای سوەیدا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی ترەمپ رایدەگەیێنێت، هاوکاریی مرۆیی "ژیان رزگارکەر" پێشکێشی پێکهاتەکانی دروز، کریستیان و بەدەوی لە پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا دەکات. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی گوتەبێژی ئیدارەکە، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە.
رۆژی دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، نووسینگەی گوتەبێژی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "هاوکارییەکە، پشتیوانی لە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیانی نزیکەی 60,000 کەس دەکات کە رووبەڕووی تووندوتیژی و وێرانکردنی ماڵەکانیان بوونەتەوە."
هاوکارییەکە خۆراک، ئاو، پێداویستیی پاکوخاوێنی و نۆژەنکردنەوەی خانووەکان و سیستەمەکانی ئاو لەخۆدەگرێت، بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
نووسینگەی گوتەبێژی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە: "سەرەڕای ئەوەی پێکدادانەکان تا رادەیەکی زۆر کەمبوونەتەوە، بەڵام دۆخی ئەمنی هێشتا چاوەڕواننەکراوە و ئەمەش بووەتە هۆی سنووردارکردنی گەیشتنی پێداویستییەکان. ئەم دۆخە کاریگەری کردووەتە سەر توانای نزیکەی 187,000 کەسی ئاوارە بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان."
ئیدارەی ئەمریکا داوا لە وڵاتانی هاوبەشی دەکات کە هاوکاریی ژیان رزگارکەر پێشکێشی خەڵکی سووریا بکەن، چونکە بە کارێکی گرنگی دەزانێت بۆ مسۆگەرکردنی ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
مانگی رابردوو، سووریا بە هاوکاری ئوردن و ئەمریکا پلانێکی بۆ هێورکردنەوەی دۆخی پارێزگەی سوەیدا راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو پارێزگەیە لە مانگی تەممووزدا رووبەڕووی تووندووتیژی بووەوە.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لە 2000 کەس لە تووندوتیژییەکاندا کوژران، لەنێویاندا 789 هاووڵاتی دروز.