ئەنجوومەنی ئەورووپا سزاکانی سەر داعش و قاعیدەی بۆ ساڵێکی دیکە درێژکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا رایدەگەیێنێت، رێوشوێنە سنووردارەکانی دژی رێکخراوەکانی داعش و قاعیدە و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی پەیوەندییان پێوە هەیە، بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە تاوەکو 31ی تشرینی یەکەمی 2026 درێژکردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنەکە، ئەم بڕیارە نوێیە 15 کەس و 7 گرووپ دەگرێتەوە، کە بەردەوام دەبن لەژێر کاریگەریی سزاکاندا.
سزاکان بلۆککردنی سەرجەم سەروەت و سامانی ئەو کەس و گرووپانە لە یەکێتیی ئەورووپا لەخۆدەگرێت، هاوکات قەدەخەی گەشتکردنیان بۆ وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە و رێگریکردن لە پێدانی هەر جۆرە هاوکارییەکی دارایی و ئابووری لەلایەن کەس و لایەنە ئەوروپییەکانەوە.
ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاندووە، پابەند دەبێت بە رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە تیرۆریستییە بەردەوامەی کە قاعیدە، داعش و لقە هەرێمییەکانیان دروستی دەکەن."
ئەنجوومەنەکە هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە یەکێتییەکە سوورە لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی یەکلاکەرەوە دژی هەموو ئەوانەی لە رێگەی "پلاندانان، دابینکردنی دارایی، ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی تیرۆریستی" هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەن.
ئەم رێوشوێنانە، کە یەکێتیی ئەورووپا بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە ئەیلوولی 2016ـەوە دەیسەپێنێت، تەواوکەری ئەو سزایانەن کە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەسەر هەردوو رێکخراوی داعش و قاعیدەدا سەپێندراون.