نزیکەی 400 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاست رزگارکران

رووداو دیجیتاڵ

پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا نزیکەی 400 کۆچبەری لە کەناراوەکانی باشووری دوورگەی کریت لە دەریای نێوەڕاست رزگارکرد. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی یۆنان، ئەو کۆچبەرانە لە هەوڵدا بوون بە بەلەم خۆیان بگەیەننە ئەورووپا.
 
ئاژانسی هەواڵیی یۆنان بڵاویکردەوە، لە یەکێک لە ئۆپەراسیۆنەکاندا کەشتییەکی پاسەوانی کەناراوەکان رۆژی هەینی بە هاوکاریی کەشتییەکی بارهەڵگری دانیمارکی و هێلیکۆپتەرێکی سەربازی، توانی 365 کەس لە بەلەمێک رزگار بکەن. 
 
ئۆپەراسیۆنەکە لە دووری نزیکەی 57 کیلۆمەتر لە باشووری دوورگەی گاڤدۆس لە باشووری کریت ئەنجامدرا. بەلەمەکە لە دۆخێکی خراپدا بووە و مەترسیی ژێرئاوکەوتنی هەبووە.
 
هەر هەمان رۆژ و لە رووداوێکی دیکەدا بەلەمێکی سەر بە ئاژانسی پاراستنی سنوور و کەناراوەکانی ئەوروپا (فرۆنتێکس)، نزیکەی 30 کۆچبەری لە دووری نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە گاڤدۆس رزگارکرد.
 
کۆچبەرەکان دواتر بۆ بەندەرێکی سەلامەت لە دوورگەی کریت گوێزرانەوە بۆ وەرگرتنی چاودێریی پزیشکی و دەستپێکردنی رێکارە یاساییەکان.
 
رێڕۆ دەریاییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان، هەروەها لە لیبیاوە بەرەو یۆنان و ئیتاڵیا لە دەریای نێوەڕاست بوونەتە رێگەیەکی سەرەکی و باو بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە هەوڵدەدەن بە شێوەی نایاسایی خۆیان بگەیەننە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.