لووتکەی ترەمپ و نەتەنیاهوو؛ نەخشەی داهاتووی غەززە دادەڕێژرێت
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەند راگەیێندراوێکی گرنگ دەربارەی داهاتووی کەرتی غەززە بڵاو بکاتەوە؛ بەڵام راگەیاندنی ئەو هەنگاوانە بەستراوەتەوە بە ئەنجامی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی رۆژی دووشەممەی نێوان ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.
بەگوێرەی راپۆرتی میدیاکانی ئەمریکا، بەرپرسانی کۆشکی سپی پێیانوایە نەتەنیاهوو پڕۆسەی ئاشتی خاو دەکاتەوە و ئاڵنگاریی بۆ دروست دەکات، ئەوان ترسیان هەیە لەوەی جارێکی دیکە جەنگ دژی حەماس دەستپێبکاتەوە.
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل رایگەیاندووە، هەرچەندە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ تیمی ترەمپ لە ململانێدایە، بەڵام هیوای وایە بتوانێت خودی ترەمپ رازی بکات بەو ستراتیژییەی کە بۆ داهاتووی غەززە دایڕشتووە.
بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بە میدیای وڵاتەکەیان گوتووە، ئیدارەکەیان دەیەوێت بە زووترین کات حکومەتێکی تەکنۆکراتی فەلەستینی و هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی ئاسایش لە غەززە پێکبهێنرێت. تەنانەت پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی مانگی 1ـدا و لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، "ئەنجوومەنی ئاشتی" بە سەرۆکایەتیی ترەمپ کۆببێتەوە.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ و جارید کوشنەر، گەورە راوێژکار و زاوای ترەمپ، لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی میسر، قەتەر و تورکیا کار دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە رێککەوتنەکان و زەمینەسازیی بۆ جێبەجێکردنی قۆناخی 2ـی ئاگربەستی غەززە؛ کە بریتییە لە چەککردنی بزووتنەوەی حەماس و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتەکە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ئەمریکیی راگەیاندووە، نەتەنیاهوو لە کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەیدا لەگەڵ لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی لە قودس (ئۆرشەلیم)، گومانی خۆی بەرامبەر بە بیرۆکەکانی ویتکۆف و کوشنەر دەربڕیوە، بەتایبەتی لە پرسی چەکداماڵینی حەماس؛ چاوەڕێ دەکرێت ئەم بابەتە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و نەتەنیاهوو بێت لە فلۆریدا.
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل دەڵێت: "کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز دەبێت. روون نییە ئایا ترەمپ لەسەر هەمان هێڵی ویتکۆف و کوشنەر دەبێت، یان نەتەنیاهوو دەتوانێت رای بگۆڕێت. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە؛ ترەمپ لایەنگریی نەتەنیاهوو دەکات یان راوێژکارە باڵاکانی؟"
وەک ئەوەی ئاکسیۆس بڵاویکردووەتەوە، تیمی ئیدارەی ترەمپ، هاوشێوەی ئیدارەی پێشووی بایدن، چەند هەفتەیەکە لەگەڵ ئیسرائیلییەکان لەسەر وردەکارییە تاکتیکییەکانی جێبەجێکردنی قۆناخی 2ـی ئاگربەست ناکۆکن؛ وەک پرسی کردنەوەی دەروازەی رەفەح و دابینکردنی خێوەت بۆ ئاوارە فەلەستینییەکان لە زستاندا.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی لەو بارەیەوە دەڵێت: "جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، لەگەڵ کوشنەر و ویتکۆف؛ نەتەنیاهوو متمانەی هەموو ئەوانەی لەدەستداوە. تەنیا سەرۆک ماوە کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵیدا هەبێت، بەڵام ئەویش دەیەوێت رێککەوتنی غەززە خێراتر بچێتە پێشەوە."
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە: "ماوەیەکە وا دەردەکەوێت ئیسرائیلییەکان لەو پلانە ئاشتییە 20 خاڵییە پەشیمان بوونەتەوە کە پێشتر رەزامەندییان لەسەر دابوو. جێبەجێکردنی رێککەوتنی غەززە خۆی لە خۆیدا قورسە، بەڵام ئیسرائیلییەکان بە هەندێک کار قورستری دەکەن."
ئەو هەنگاوانەی ئیسرائیل کە ئیدارەی ترەمپ وەک "پێشێلکردنی ئاگربەست" تەماشایان دەکات، بریتین لە کوشتنی فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی حەماس و ئەنجامدانی چەند هێرشێک کە بوونەتە هۆی کوژرانی هاووڵاتیانی سڤیل و منداڵان.
ئەم لووتکەیەی ترەمپ و نەتەنیاهوو لە کاتێکدایە، هەینی رابردوو ویتکۆف و کوشنەر لە میامی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر، سەرۆکی هەواڵگریی میسر و وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو، کە تێیدا ئەو 4 وڵاتە وەک گەرەنتی ڕێککەوتنی ئاشتی دەبن.
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رایگەیاندووە، ئامانجی کۆبوونەوەکەی میامی ئەوە بووە کە داواکارییەکان بۆ نەتەنیاهوو دیاری بکرێن پێش ئەوەی بگاتە لای ترەمپ. ئەوان رێککەوتوون کە پێویستە ترەمپ لەگەڵ نەتەنیاهوو جەخت لەسەر پابەندبوونی سوپای ئیسرائیل بە ئاگربەست و دوورکەوتنەوە لە کوشتنی سڤیل بکاتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، لایەنەکان رێککەوتوون لەسەر راگەیاندنی ناوی ئەندامانی حکومەتە تەکنۆکراتەکە، تاوەکو لە جیاتی حەماس بەرپرسیارێتیی غەززە بگرنە ئەستۆ. کاندیدەکان لەلایەن ئەمریکاوە وردبینییان بۆ کراوە و ناوەکانیان دراوەتە وڵاتانی ناوچەکە. ئەم حکومەتە لەلایەن "ئەنجومەنی ئاشتی" بە سەرۆکایەتیی ترەمپ و نوێنەرایەتیی نیکۆلای ملادینۆڤ (نێردەی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان) پاڵپشتی دەکرێت و سەرپەرشتیی پرۆسەی داماڵینی چەکیش دەکات.
سەبارەت بە پرسی چەکداماڵین لە غەززە، بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کردووە کە پرۆسەکە بە چەند قۆناخێک دەبێت؛ سەرەتا لە چەکە قورسەکان و مووشەکەوە دەستپێدەکات و دواتر دەگاتە چەکە سووکەکان. ئەم بڕیارەش تەنیا حەماس ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو گروپە چەکدارەکانی دیکەش دەگرێتەوە، تەنانەت ئەوانەشی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە پاڵپشتی دەکرێن.