نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: دەتوانین کاری زیاتر بۆ پاراستنی کورد بکەین


رووداو دیجیتاڵ

لە نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێنەرانی وڵاتانی جیهان بۆ رێزلێنان لە قوربانییانی "هۆلۆکۆستی جووەکان" لەسەر پێ وەستان. رۆژی سێشەممە 27-1، نەتەوە یەکگرتووەکان وەک نەریتێکی ساڵانە، یادی رۆژی جیهانیی یادکردنەوەی هۆلۆکۆستی کردەوە.
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیامێکی ئاراستەی وڵاتان کرد و رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی جینۆساید، پێویستە جیهان مرۆڤە لاوازەکان بپارێزێت. گۆتێرێس گوتیشی: "ئەمە ئەرک و بەڵێنێکە بۆ بەرگریکردن لە شکۆ و پاراستنی مرۆڤە بێدەرەتانەکان."
 
لە لایەکی دیکەوە، ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا (کە لە مەراسیمەکەدا قسەی کرد) گوتەی رزگاربوویەکی هۆلۆکۆستی وەک وانەیەک گێڕایەوە و گوتی: "وەک چۆن سیمۆن ڤیزێنتاڵ، رزگاربووی هۆلۆکۆست گوتوویەتی؛ بۆ ئەوەی خراپە گەشە بکات، تەنیا ئەوەندە بەسە کە مرۆڤە باشەکان هیچ نەکەن."
 
لە نێو بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکاندا، پێشانگەیەک کرایەوە کە بیری جیهانی دەهێنایەوە چۆن لە سەدەی رابردوودا و لەژێر دەسەڵاتی نازییەکاندا، 6 ملیۆن جوو بە شێوەیەکی دڕندانە لە ئەڵمانیا کوژران.
 
دوای هۆلۆکۆست، جیهان بەڵێنێکی دا کە بە "Never Again" (هەرگیز جارێکی دیکە) ناسراوە، واتە جارێکی دیکە رێگە بە روودانی جینۆساید نادرێت، بەڵام ئێستا زۆر کەس پێیان وایە ئەو بەڵێنە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە.
 
مایک واڵتز، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئەو بەڵێنەوە رەخنەی گرت و گوتی: "رێک لێرە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو دامەزراوەیەی لە خۆڵەمێشی جەنگی جیهانیی دووەمەوە لەدایکبوو، جیهان بەڵێنی دا کارەساتی وا دووبارە نەبێتەوە. بەڵام جەنابی باڵیۆزان، هەواڵێکی دڵتەزێنم بۆتان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئەمە جارێکی دیکە رودەداتەوە."
 
کورد یەکێکە لەو نەتەوانەی دوای هۆلۆکۆست رووبەڕووی جینۆساید بووەتەوە. نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لەبارەی جینۆسایدی کوردەوە پرسیاری لە ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
 
پرسیاری نامۆ عەبدوڵڵا و وەڵامی ستێفان دووژاریک
 
نامۆ عەبدوڵڵا: سکرتێری گشتی لە وتارەکەیدا رایگەیاند کە پاراستنی خەڵکانی بێدەرەتان ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. پرسیارەکەم ئەمەیە: ئایا ئەو پێیوایە جیهان هەنگاوی پێویستی بۆ پاراستنی کورد ناوە؟ وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت کە لانیکەم رووبەڕووی دوو جینۆساید بووەتەوە؛ شاڵاوەکانی ئەنفالی سەدام حوسێن لە ساڵانی 1980ـەکان و کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە لە ساڵی 2014؟
 
ستێفان دووژاریک: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەمیشە دەتوانێت کاری زیاتر بۆ پاراستنی بێدەرەتانترین خەڵک بکات. ئێمە هەمیشە دەتوانین کاری باشتر بکەین، بەڵام لە روانگەی سکرتێری گشتییەوە دەڵێم، ئەوەی لە تواناماندا بێت ئەنجامی دەدەین. وەک چۆن لە سووریا دەیبینین، هەوڵ دەدەین بگەینە هەموو ئەو کەسانەی پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلە هەیە.
 
لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، نوێنەری ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بۆ پاراستنی جووەکان پشتی بە خۆی بەستووە نەک چاوەڕوانی جیهان. دانی دانۆن، نوێنەری هەمیشەیی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "پێشانمان داوە کە گەلی جوو چیتر بێبەرگری نین. ئەمڕۆ سوپای خۆمان هەیە؛ ئەو رۆژانەی جووەکان بێ وەڵامدانەوە کۆمەڵکوژ دەکران، کۆتاییان هات."
 
هەرچەندە لە نێو هۆڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا جارێکی دیکە دروشمی "هەرگیز جارێکی دیکە" دووپاتکرایەوە، بەڵام بۆ زۆرێک لەو گەلانەی رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە، ئەو بەڵێنە تەنیا لە چوارچێوەی قسەدا ماوەتەوە.