پەرلەمانتارێکی ئەورووپا بۆ کایا کالاس: بێدەنگی بەرامبەر کورد بێلایەنی نییە، هەڵوێستە
رووداو دیجیتاڵ
ڤیلی سۆڤنداڵ، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا داوا لە یەکێتیی ئەورووپا دەکات، هەڵوێستێکی روون و کاریگەر بەرامبەر هێرشە سەربازییەکانی سەر ناوچە کوردییەکان لە سووریا وەربگرێت و رایدەگەیێنێت، کورد پێویستی بە شتێکی زیاترە نەک تەنیا "هاوسۆزی".
سۆڤنداڵ لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "لە کاتێکدا جیهان سەرقاڵی قەیرانەکانی دیکەیە، ناوچە کوردییەکان لە سووریا جارێکی دیکە کەوتوونەتە ژێر هێرشی سەربازی، کە ئەمەش کاریگەریی مەترسیداری لەسەر سڤیلەکان هەیە و هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیرترین و دیموکراتترین هێز لە تەواوی ناوچەکەدا".
ئەو پەرلەمانتارە ئەورووپییە لە پەیامەکەی بۆ کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا باس لەوە دەکات، کورد هاوبەشێکی سەرەکی بوو لە شەڕی دژی داعش و مۆدێلێکی حوکمڕانیی لەسەر بنەمای عەلمانییەت، یەکسانی و رێزگرتن لە کەمینەکان بنیاد ناوە. سۆڤنداڵ هۆشداری دا، بێدەنگیی نێودەوڵەتی پەیامێکی مەترسیدار دەنێرێت و دەڵێ: "ئەوانەی شەڕ بۆ دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەکەن، ناتوانن لە کاتە سەختەکان دا پشت بە پاڵپشتیی ئێمە ببەستن."
لەبارەی هەنگاوە پراکتیکییەکانەوە، ڤیلی سۆڤنداڵ گوتی، واژۆی لەسەر نامەیەکی هاوبەش کردووە بۆ کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، تێیدا داوای وەڵامێکی "روون و یەکگرتوو" دەکات بۆ پاراستنی کورد لە سووریا.
لە کۆتایی پەیامەکەی دا، سۆڤنداڵ جەختی کردەوە، ئەورووپا بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی، سیاسی و ئەمنی لەسەر شانە و گوتی: "بێدەنگی بێلایەنی نییە، بەڵکو جۆرێکە لە هەڵبژاردن و هەڵوێست."
سۆڤنداڵ بە رەچەڵەک خەڵکی دانیمارکە و پێشتر وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بووە، لە رابردوودا لەلایەن نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە خەڵاتی (باشترین دۆستی کورد)ـی پێدراوە. سۆڤنداڵ جگە لەوەی ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپایە، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەشە.