یەکێتیی ئەورووپا: دیمەشق بەرپرسە لە هێرشێکی کیمیایی و ئامادەین سزای نوێی بەسەردا بسەپێنین
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەورووپا پشتگیریی خۆی بۆ راپۆرتێکی نوێی رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی (OPCW) دەربڕی، کە تێیدا هێزە ئاسمانییەکانی سووریای بە بەرپرسیار لە هێرشێکی کیمیایی ساڵی 2016 لە گوندەواری حەما ناساندووە. یەکێتییەکە دەڵێت: "ئامادەین سزای نوێ بەسەر لایەنە بەرپرسەکاندا بسەپێنین."
گوتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، راپۆرتی پێنجەمی تیمی لێکۆڵینەوە و دەستنیشانکردنی سەر بە OPCW، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە "بەڵگەی تەواو" هەن بۆ ئەوەی بگوترێت لە 1ی تشرینی یەکەمی 2016، هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی سووریا لە شارۆچکەی "کەفر زێتا" بڕێک گازی کلۆری خستووەتە خوارەوە، کە بووەتە هۆی برینداربوونی 35 کەس و کاریگەریی لەسەر دەیان کەسی دیکەش هەبووە.
یەکێتیی ئەورووپا بە تووندی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن هەر لایەنێکەوە (دەوڵەت بێت یان گرووپە چەکدارەکان) سەرکۆنە کرد و رایگەیاند: "ئەمە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دەکرێت وەک تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ پۆلێن بکرێت."
یەکێتییەکە دەستخۆشی لە دەسەڵاتی راگوزەری سووریا کرد بۆ ئەو کارئاسانییەی کە بۆ تیمی لێکۆڵینەوەی رێکخراوەکە ئەنجامیان داوە، تاوەکو بتوانن بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ راپۆرتەکەیان ئامادە بکەن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، یەکێتیی ئەورووپا پێشتر سزای بەسەر ژمارەیەک بەرپرس و زانای رژێمەکەی ئەسەدا سەپاندووە کە دەستیان لە پەرەپێدان و بەکارهێنانی چەکی کیمیاییدا هەبووە. جەختیشیکردەوە کە "لەبەر رۆشنایی ئەم راپۆرتە نوێیە، یەکێتیی ئەورووپا ئامادەیە تاوتوێی سەپاندنی رێکاری زیاتر و سزای نوێ بکات."
یەکێتیی ئەورووپا دووپاتیکردەوە کە متمانەی تەواوی بە سەربەخۆیی و بێلایەنیی سکرتاریەتی تەکنیکیی رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی هەیە. هەروەها جەختی لە بەردەوامیی پاڵپشتییە دارایی و سیاسییەکانی کرد بۆ رێکخراوەکە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە دەربازبوون لە سزا بۆ ئەو کەسانەی لە سووریا و ناوچەکانی دیکە چەکی کیمیایی بەکاردەهێنن.
ئەم راپۆرتەی OPCW لەکاتێکدایە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوامە لە گوشارەکانی بۆ لێپرسینەوە لەو تاوانانەی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە سووریا ئەنجامدراون.