بەهۆی گومانی سپیکردنەوەی پارە ئۆفیسەکانی دۆیچە بانک پشکنران
رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینی لە ئۆفیسەکانی "دۆیتچە بانک"، گەورەترین بانکی ئەو وڵاتە دەستپێکرد. راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پشکنینەکان پەیوەندییان بە گومانی سپیکردنەوەی پارەوە هەیە کە پەیوەستە بە ملیاردێرێکی رووسی.
رۆژی چوارشەممە، 28ی کانوونی دووەمی 2026، "دۆیتچە بانک" پشتڕاستی کردەوە کە تیمەکانی داواکاری گشتی خەریکی پشکنینی ئۆفیسەکانیانن. بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی "زوددۆیچە سایتونگ"، لێکۆڵینەوەکان پەیوەندییان بە مامەڵە داراییەکانی بانکەکەوە هەیە لەگەڵ کۆمپانیاکانی سەر بە "رۆمان ئەبرامۆڤیچ"، ملیاردێر و بازرگانی ناسراوی رووسی.
گوتەبێژێکی دۆیتچە بانک رایگەیاند: "دەتوانین ئەوە پشتڕاست بکەینەوە کە نووسینگەی داواکاری گشتیی فرانکفۆرت رێکارەکانی لە ناو تەلاری بانکەکەمان ئەنجام دەدات"، ئاماژەی بەوەش کرد، بانکەکە "بە تەواوی هاوکاری داواکاری گشتی دەکات".
پشکنینەکان لە بارەگای سەرەکیی بانکەکە لە شاری فرانکفۆرت و ئۆفیسەکانیان لە بەرلینی پایتەخت ئەنجامدراون. رۆمان ئەبرامۆڤیچ یەکێکە لەو بازرگانە رووسییانەی لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی 2022ـەوە.
گومانەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرن کە دۆیتچە بانک لە کاتی پێویستدا راپۆرتی لەسەر پرۆسە گوماناوییەکانی سپیکردنەوەی پارە نەداوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەمەش وایکردووە داواکاری گشتی بە فەرمی دەست بە لێکۆڵینەوە بکات.