ترەمپ: دەتوانم بە ئارەزووی خۆم یاری بە بەهای دۆلار بکەم


رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بەهای دۆلار لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرز و نزم بکاتەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، دەیەوێت دراوی وڵاتەکەی "ئاستی راستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە".
 
رۆژی سێشەممە، 27ی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە شارۆچکەی "ئەربەندەیڵ" لە ویلایەتی ئایۆوا، لە نێو چێشتخانەیەکدا لەگەڵ لایەنگرانی کۆبووەوە.
 
 لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەڤاناندا سەبارەت بە دابەزینی بەهای دۆلار و کاریگەرییەکانی لەسەر ویلایەتی ئایۆوا، ترەمپ بە شێوازە تایبەتەکەی خۆی گوتی، "دەتوانم وا بکەم دۆلار وەک یۆیۆ بەرز بێتەوە یان دابەزێت."
 
یۆیۆ یارییەکی منداڵانەیە و بەهۆی جووڵەی دەستەوە بە خێرایی سەردەکەوێت و دادەبەزێت؛ لە ئابووریشدا وەک نموونە بۆ شتێک بەکاردێت کە نرخەکەی جێگیر نییە و بەردەوام بەرز و نزمی دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، کە باشترین بژاردە ئەوەیە رێگە بدرێت دۆلار خۆی ئاستی خۆی دیاری بکات و بگاتە "نرخێکی گونجاوی" خۆی.
 
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، کە پێنوێنی دۆلار کە نرخی دۆلار بەرامبەر بە 6 دراوی سەرەکی جیهان دەپێوێت، بۆ نزمترین ئاستی خۆیان لە ساڵی 2022ـەوە دابەزیون.
 
بەراورد بە هەفتەی رابردوو بپێنوێنی دۆلار بە رێژەی 4% دابەزیوە.