پووتین بۆ شەرع: گەڕانەوەی رۆژهەڵاتی فورات بۆ باوەشی دیمەشق هەنگاوێکی گرنگە

  
رووداو دیجیتاڵ

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆشکی کرێملین پێشوازی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، پووتین پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ "یەکپارچەیی خاکی سووریا" دەربڕی و بە ئاشکرا گەڕانەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە (رۆژهەڵاتی فورات)ـی بۆ ژێر دەسەڵاتی دیمەشق بە "هەنگاوێکی مێژوویی و گرنگ" وەسف کرد.
 
پووتین: کۆمپانیا رووسییەکان ئامادەی ئاوەدانکردنەوەی سووریان
 
سەرۆکی رووسیا لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع کرد بۆ ئەو پێشکەوتنانەی لە یەکخستنەوەی خاکی سووریادا بەدەستهاتوون و گوتی: "بە وردی چاودێریی هەوڵەکانی ئێوە و حکومەتەکەتان دەکەین بۆ گەڕاندنەوەی یەکپارچەیی خاکی وڵات و ئاوەدانکردنەوەی. گەڕانەوەی رۆژهەڵاتی فورات بۆ باوەشی دیمەشق هەنگاوێکی زۆر گرنگە."
 
پووتین جەختی لەوەش کردەوە، پەیوەندییەکانی رووسیا و سووریا خاوەن رەگ و ریشەیەکی قووڵن و مۆسکۆ ئامادەیە لە بواری ئابووری و بازرگانیدا هاوکارییەکانی پەرە پێبدات. گوتیشی: "کۆمپانیا رووسییەکان و کەرتی بیناسازیی ئێمە ئامادەی بەشدارییەکی چالاکن لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سووریادا."
 
ئەحمەد شەرع: سووریا ئاڵنگارییەکانی تێپەڕاند
 
ئەحمەد شەرع سوپاسی هەڵوێستی "پاڵپشتیکار"ـی رووسیای کرد و رایگەیاند، پار سووریا بەربەستی زۆری بڕی. شەرع گوتی: "دوایینیان ئاڵنگاری یەکخستنەوەی خاکەکەی بوو. رووسیا رۆڵێکی مێژوویی هەبووە نەک تەنیا لە سووریا، بەڵکو لە سەقامگیریی تەواوی ناوچەکەدا."
 
سەرۆکی راگوزەری سووریا ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی ساڵی رابردوودا 13 سەردانی فەرمیی شاندەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەبووە، ئەمەش نیشانەی تووندوتۆڵیی پەیوەندییەکانە. 
 
گوتیشی: "هیوادارین ناوچەکە لە دۆخی وێرانکارییەوە بەرەو سەقامگیری، ئاشتی و گەشەپێدان هەنگاو بنێت."
 
دوێنێ سێشەممە، رووسیا بە تەواوی لە فڕۆکەخانەی قامشلۆ کشایەوە و هێزەکانی بۆ بنکەی حمێمیم گواستەوە.