پەرلەمانی سکۆتلەندا داوای پاراستنی کوردی رۆژئاوای کوردستان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی سکۆتلەندا لە ڕێگەی یاداشتێکەوە نیگەرانیی خۆیان لەبارەی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەردەبڕن و داوا دەکەن حکومەتی سکۆتلەندا و بەریتانیا بۆ پاراستنی گیانی کوردی ئەو ناوچەیە هاوئاهەنگی بکەن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 28-01-2026، سێ فراکسیۆنی سەرەکی لە پەرلەمانی سکۆتلەندا کە پێکهاتوون لە فراکسیۆنەکانی پارتی سەوز، پارتی کار و پارتی نیشتمانیی سکۆتلەندا (SNP)، یاداشتنامەیەکی ناڕەزایەتییان واژۆ کرد.
 
لە یاداشتنامەکەدا کە واژۆی 15 پەرلەمانتاری لەسەرە، بە تووندی سەرکۆنەی بەردەوامیی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە رۆژئاوای کوردستان کراوە، بەتایبەتی ئاماژە بە خراپی دۆخی مرۆیی لە کۆبانێ و ناوچەکانی دیکەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دراوە.
 
بەگوێرەی دەقی یاداشتنامەکە کە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، پەرلەمانتارانی سکۆتلەندا دەڵێن: "پەرلەمانی سکۆتلەندا نیگەرانیی قووڵی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بەو راپۆرتانەی باس لە بەردەوامی و خراپتربوونی رەوشی باکووری سووریا دەکەن، کە تێیدا هاووڵاتییانی سڤیلی کورد و شەڕڤانان کراونەتە ئامانج و کوژراون."
 
لە بەشێکی دیکەی یاداشتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکان "مامەڵەی نامرۆییان" لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکە کردووە.
 
پەرلەمانی سکۆتلەندا لەو یاداشتەدا داوای بەرزکردنەوەی ئاستی هاریکارییە مرۆییەکان بۆ ئاوارە کوردەکان دەکات، بە تایبەتیش ژنان و منداڵان کە زیانمەندی سەرەکیی شەڕەکانن.
 
هاوکات پەرلەمانتارەکان هانی حکومەتی سکۆتلەندا دەدەن کە "لە نزیکەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) بکات سەبارەت بە پێداویستییەکانی پاراستنی گیانی خەڵک، لێپرسینەوەی یاسایی لە ئەنجامدەرانی تاوانەکان و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان."
 
دەقی یاداشتنامەکە بەمشێوەیەیە: 
 
"پەرلەمانی سکۆتلەندا نیگەرانی خۆی  دەردەبڕێت  لەسەر  ئەو راپۆڕتانەی کە دەربارەی بەردەوامی و خەراپتربوونی رەوشی باکووری سوریا  بڵاوبوونەتەوە کە باس لە وە دەکەن خەڵکی سڤیلی کورد و شەڕڤانەکان هێرشیان کراوەتە سەر و کوژراون. هەروەها هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکانیان مامەڵەی نامرۆییان لەگەڵدا کردوون. پەرلەمانی سکۆتلەندا داوای بەرزکردنەوەی ئاستی هاریکاری مرۆیی بۆ ئاوارەکانی کورد دەکات، بە تایبەتیش ژنان و منداڵان. هاوکات هانی حکومەتی سکۆتلەندا دەدات بۆ ئەوەی لە نزیکەوە هاوئاهەنگیی لەگەڵ حکومەتی شانشینی یەکگرتوودا بکات سەبارەت بەپێداویستیەکانی پاراستنی گیان و لێپرسینەوەی یاسایی و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان."