پەیامی ئیتاڵیا بۆ وڵاتان لەدوای خنکانی 60 کۆچبەر: نابێت کۆچبەران بەو کەشوهەوایە بێنە نێو دەریا
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی 60 کۆچبەر کە دەیانویست بە قاچاخ خۆیان بگەیەننە ئیتاڵیا، لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە خنکان. ئیتاڵیا پەیامێک بۆ ئەو وڵاتانە دەنێرێت کە کۆچبەران بە قاچاخ لێیانەوە دێن و دەڵێ ئەو کەشوهەوایە هی ئەوە نییە خۆی لێ بدەن و "دۆخەکە مەترسیدارە".
تیمی فریاگوزاری ئیتاڵیا بە دوای قوربانیانی ژێرئاوکەوتووی بەمەلە پڕ لە کۆچبەرەکەی رۆژی یەکشەممەدا گەڕان و تەرمەکانیان دەرهێنان. ئەوان، چیرۆکی ناخەهەژێنی کۆچبەران دەگێڕنەوە.
سێرجیۆ دیداتۆ، بەرپرسی لقی ئیتاڵیانی رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور دەڵێ "گەنجێکی سووری تەمەن 20 ساڵ، لەگەڵ برا تەمەن شەش ساڵانەکەی لە بەلەمەکەدا بوو بەو هیوایەی ژیانێکی نوێ لە ئەڵمانیا دەستپێبکەن، بەڵام دوای رووداوەکە، تەرمی برا بچووکەکەی لەسەر پارچەیەکی بەلەمەکە دانا، کە بەبەرچاوییەوە لەسەرما رەق بووەوە. چونکە ئەوان بۆ چەند کاژێرێک بوو لەنێو ئاوەکەدا بوون و تەڕ ببوون".
بەگوێرەی ئاماری فەرمیی حکومەتی ئیتاڵیا، لە ساڵی 2022، زیاتر لە 105 هەزار کۆچبەر لەرێگەی دەریاوە خۆیان گەیاندووەتە ئیتاڵیا و، زیاتر لە هەزار و 300 کۆچبەریش گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون. ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2021ـدا 67 هەزار کۆچبەر روویان لە ئیتاڵیا کردبوو، کە زیاتر لە هەزار و 500 کۆچبەر گیانیان لەدەستدابوو یان بێسەروشوێن بوون.
زۆربەی ئەو کۆچبەرانەشی ساڵی رابردوو روویان لە ئیتاڵیا کردووە، خەڵکی کۆتدیڤوار، پاکستان، میسر، ئەفغانستان و سووریا بوون.
لەپاش رووداوەکەی باشووری ئیتاڵیا، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند نابێت وڵاتان رێگە بدەن ئەو کۆچبەرانە بەرەو ئەوروپا بێن.
ماتیۆ پیانتیدۆسی، وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا رایگەیاند "تاکە کاری راست کە دەبێ بکرێت ئەوەیە؛ کۆچبەرەکان نابێت بێن. دەبێ ئەوە بزانین کاتێک ئەو کەشوهەوایە هەیە، نابێت ئەو کۆچبەرانە بێنە نیو دەریاوە، دەبێت ئێمە ئەو پەیامە بە جیهان و ئەو وڵاتانەشی کە ئەو کۆچبەرانەی لێوەی دێن بگەیەنین، کە نابێت ئەو منداڵ و ئافرەتانە رووبەڕووی ئەو دۆخە مەترسیدارە بکەنەوە".
رۆژی یەکشەممە، 26ـی شوبات، لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی پڕ لە کۆچبەران لە نزیک کەناراوەکانی ئیتاڵیا، 60 کۆچبەر خنکان کە 33 ئافرەت بوون و 12یان منداڵ بوون و 80ـی دیکەیان رزگار کران. بەرپرسانی ئیتاڵیا رایانگەیاندووە زۆربەی کۆچبەرەکان خەڵکی وڵاتانی ئەفغانستان، سووریا، ئێران و عێراق بوون.