سەرۆکوەزیرانی پاکستان: پاڵپشتیی سعودیە دەکەین دژی هێرشەکانی ئێران
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی پاکستان لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە بە تەلەفۆن قسەی کرد و سەرەڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سەر خاکی ئەو وڵاتە، پاڵپشتیی ئیسلام ئابادی بۆ رێکارە ئەمنییەکانی ریاز دەربڕی.
رۆژی شەممە، 28ی شوباتی 2026، محەممەد سەلمان، شازادەی جێنشین و سەرۆکوەزیرانی سعودیە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستانەوە پێگەیشت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، لە پەیوەندییەکەدا باس لە "پەرەسەندنە مەترسیدارەکانی ناوچەکە" و لێکەوتەکانی ئەم ئاڵۆزییانە لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتان کراوە.
شەهباز شەریف لەو پەیوەندییەدا جەختی لەوە کردووەتەوە، وڵاتەکەی هاوشانی سعودیە وەستاوە و پشتیوانی لە هەموو ئەو رێکارانە دەکات کە ریاز بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی خۆی دەیانگرێتەبەر.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە ئەمڕۆ کرانە سەر خاکی سعودیە و بە "هێرشی دڕندانەی ئێرانی" وەسفی کردن. راشیگەیاند، ئەم جۆرە کارانە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدەن.