فڕۆکەیەک لە بۆلیڤیا تێکشکا و 15 کەس مردن


رووداو دیجیتاڵ

لانیکەم 15 کەس گیانیان لەدەستدا، ئەوەش لە کاتی نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازیی بۆلیڤیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی (ئەلئالتۆ) نزیک لاپازی پایتەخت. 
 
فڕۆکەکە لە جۆری (سی 130 هێرکلس) بوو کە سەر بە هێزی ئاسمانیی بۆلیڤیایە. بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان، فڕۆکەکە دوای نیشتنەوەی لە هێڵ لایداوە و لە شەقامێکدا خۆی بە نزیكەی 15 ئۆتۆمبێل و بارهەڵگردا کێشا. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیان ئەو ئاگرە بکوژێننەوە کە لە ئەنجامی رووداوەکەدا کەوتبووەوە.
 
پاڤێڵ تۆڤار، بەڕێوەبەری دامەزراوەی نیشتمانیی ئاگرکوژێنەوە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا تەرمی 15 بۆ 16 کەس لە شوێنی رووداوەکە دۆزراونەتەوە."
 
تۆڤار ئاماژەی بەوە نەکرد، ئایا هەموو مردووەکان سەرنشینی فڕۆکەکە بوون یان خەڵکی نێو ئۆتۆمبێلەکانی شەقامەکەشیان تێدایە.
 
راپۆرتەکان باس لەوەش دەکەن، زیاتر لە 24 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
فڕۆکەکە پارەی کاخەزیی نوێی بانکی ناوەندیی بۆلیڤیای لە شاری سانت کرووزەوە بۆ پایتەخت دەگواستەوە. بەهۆی تووندیی پێکدادانەکەوە بڕێکی زۆر پارە بەسەر زەوی و لە شەقامەکەدا بڵاوبووەوە. ڤیدیۆکانی سۆشیاڵ میدیا نیشانی دەدەن کە خەڵکێکی زۆر بۆ کۆکردنەوەی پارە چوونە شوێنەکە، ئەوەش وایکرد پۆلیس گازی فرمێسکڕێژ و رێکاری تووند بۆ دوورخستنەوەیان بەکاربهێنێت.