ترەمپ بۆ هێزە چەکدارەکانی ئێران: چەک دابنێن

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران راگەیاند و گوتی، "داوا لە هێزە چەکدارەکانی ئێران دەکەم هەر ئەمشەو چەک دابنێن، دەپارێزرێن، ئەگەرنا رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە." سەرۆکی ئەمریکا داوای لە گەلی ئێران کرد، لە شوێنە پارێزراوەکان بمێننەوە.

نیو سەدە لە "دووژمنایەتی و تیرۆر"

ترەمپ لە قسەکانیدا مێژووی 47 ساڵەی پەیوەندییەکانی ئەمریکای لەگەڵ ئێران خستەڕوو و گوتی، "رژێمی ئێران گرووپێکی دڕندەی دڵڕەق و مەترسیدارن کە بۆ نیو سەدە خەریکی خوێنڕشتن و کوشتنی بەکۆمەڵن."

ترەمپ ئاماژەی بە زنجیرەیەک رووداو کرد، لەوانە بارمتەگرتنی کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ 444 رۆژ لە تاران، تەقینەوەکەی ساڵی 1983ـی بەیرووتی لوبنان کە تێیدا 241 سەربازی ئەمریکی کوژران و هێرشەکەی سەر کەشتیی (کۆل) لە ساڵی 2000 لە بەندەری عەدەن لە نزیک یەمەن.

سەرۆکی ئەمریکا تارانی تۆمەتبار کرد بە کوشتن و کەمئەندامکردنی سەتان سەربازی ئەمریکی لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە رێگەی گرووپە نزیکەکانیەوە و گوتیشی، "ئەمە تیرۆرێکی بەکۆمەڵ بووە و ئێمە چیدیکە بەرگەی ناگرین."

رۆڵی ئێران لە 7ـی ئۆکتۆبەر و ناوچەکە

دۆناڵد ترەمپ ئێرانی بە بەرپرسیاری هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دانا، کە تێیدا زیاتر لە 1,000 کەس کوژران و 46یان ئەمریکی بوون. 

ترەمپ گوتی، "ئێران یەکەم دەوڵەتی پشتیوانیکاری تیرۆرە لە جیهاندا و تەنانەت بەم دواییانە 32,000 هاووڵاتیی خۆشی لە سەر شەقامەکان کوشت، کاتێک داوای مافی خۆیان دەکرد."

شکستی دیپلۆماسی و تێکشکاندنی توانای ئەتۆمی

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە دوای ئۆپەراسیۆنی (چەکوشی نیوەشەو) لە حوزەیرانی 2025، هەوڵی زۆریان دا لە رێگەی دیپلۆماسییەوە ئێران ناچار بکەن دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی بێت، بەڵام تاران هەموو دەرفەتەکانی رەتکردەوە.

ترەمپ گوتی، "ئەوان تەنیا دەیانویست کاری خراپە بکەن و خەریکی دروستکردنی مووشەکی کیشوەربڕ بوون. پەیامی من سادەیە: ئەوان هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت."

تەختکردنی پیشەسازیی مووشەکی

ترەمپ رایگەیاند، فەرمانی بە سوپا داوە پیشەسازیی مووشەکیی ئێران بە تەواوەتی تەخت بکەن و هێزی دەریایی ئەو وڵاتە لەنێو ببەن. سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی دا هەموو ئەو گرووپە چەکدارانەی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا هەن پەکبخەن.

دەقی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا:

کەمێک لەمەوبەر، سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی جەنگیی گەورە کرد لەنێو ئێران. ئامانجی ئێمە بەرگریکردنە لە گەلی ئەمریکا لە رێگەی لەنێوبردنی ئەو هەڕەشە دەستبەجێیانەی لەلایەن رژێمی ئێرانەوە هەن؛ کە گرووپێکی دڕندەی زۆر دڵڕەق و مەترسیدارن. چالاکییە هەڕەشەئامێزەکانیان بە شێوەیەکی راستەوخۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، سەربازەکانمان، بنکەکانمان لە دەرەوەی وڵات و هاوپەیمانەکانمان لە سەرانسەری جیهان دەخەنە مەترسییەوە. 47 ساڵە، رژێمی ئێران دروشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا" دەڵێتەوە و هەڵمەتێکی بێ کۆتای لە خوێنڕشتن و کوشتنی بەکۆمەڵی دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان، سەربازەکانمان و خەڵکی بێتاوان لە زۆر زۆر وڵات کردووە. لە یەکەمین کردەوەکانی ئەو رژێمە، پشتگیریکردن بوو لە دەستبەسەرداگرتنی تووندوتیژانەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، کە تێیدا دەیان ئەمریکی بۆ 444 رۆژ بە بارمتە گیران. لە ساڵی 1983دا، گرووپەکانی سەر بە ئێران بارەگای هێزە دەریاییەکانیان لە بەیرووت تەقاندەوە کە بووە هۆی کوژرانی 241 کارمەندی سەربازیی ئەمریکی. لە ساڵی 2000دا ئەوان ئاگادار بوون و پێدەچێت تێوەگلابن لە هێرشەکەی سەر کەشتیی (کۆل) کە زۆر کەس تێیدا گیانیان لەدەستدا.

هێزە ئێرانییەکان سەدان کارمەندی خزمەتگوزاریی ئەمریکییان لە عێراق کوشت و کەمئەندام کرد. گرووپەکانی سەر رژێم بەردەوام بوون لە دەستپێکردنی هێرشی بێشومار بۆسەر هێزە ئەمریکییە جێگیرکراوەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ساڵانی دواییدا، هەروەها دژی کەشتییە دەریایی و بازرگانییەکانی ئەمریکا لە رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا. ئەمە تێرۆرێکی بەکۆمەڵ بووە و ئێمە چیدیکە بەرگەی ناگرین. لە لوبنانەوە بۆ یەمەن و لە سووریاوە بۆ عێراق، رژێمەکە میلیشیا تیرۆریستەکانی پڕچەک کردووە، مەشقی پێ کردوون و بودجەی بۆ دابین کردوون، کە زەوییان بە خوێن و پارچە جەستەی مرۆڤ سوور کردووە.

ئەوە حەماسی سەر بە ئێران بوو کە هێرشە دڕندەکانی 7ی ئۆکتۆبەری بۆ سەر ئیسرائیل کرد و زیاتر لە 1,000 مرۆڤی بێتاوانی کوشت کە 46 ئەمریکییان تێدابوو، لە کاتێکدا 12 هاووڵاتیی ئێمەی بە بارمتە گرت. ئەوە کارێکی دڕندانە بوو، شتێک کە جیهان هاوشێوەی نەبینیوە. ئێران یەکەم دەوڵەتی پشتیوانیکاری تیرۆرە لە جیهاندا و هەر بەم دواییانە دەیان هەزاران هاووڵاتیی خۆی لە سەر شەقامەکان کوشت،کاتێک خۆپێشاندانیان دەکرد. ئەمە هەمیشە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بووە، بەتایبەت ئیدارەی من، کە ئەم رژێمە تێرۆریستە هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. دووبارەی دەکەمەوە: ئەوان هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت. هەر لەبەر ئەوە بوو لە ئۆپەراسیۆنی "چەکوشی نیوەشەو" لە حوزەیرانی رابردوودا بەرنامە ئەتۆمییەکەی رژێممان لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان لەنێوبرد.

دوای ئەو هێرشە، هۆشداریمان پێدان کە هەرگیز دەست بە هەوڵە شەڕەنگێزەکانیان بۆ چەکی ئەتۆمی نەکەنەوە و چەندین جار هەوڵماندا رێککەوتن بکەین. ئێمە هەوڵماندا. ئەوان دەیانویست بیکەن، نەیاندەویست بیکەن. دووبارە دەیانویست بیکەن، نەیاندەویست بیکەن. نەیاندەزانی چی روودەدات، تەنیا دەیانویست کاری خراپە بکەن. بەڵام ئێران رەتیکردەوە، رێک وەک ئەوەی بۆ چەندین دەیە و دەیە کردوویەتی. ئەوان هەموو دەرفەتێکیان بۆ دەستبەرداربوون لە خواستە ئەتۆمییەکانیان رەتکردەوە و ئێمە چیدیکە بەرگەی ناگرین. لەبری ئەوە هەوڵیاندا بەرنامە ئەتۆمییەکەیان دروست بکەنەوە و بەردەوام بن لە پەرەپێدانی مووشەکی دوورمەودا کە ئێستا دەتوانن هەڕەشە لە دۆست و هاوپەیمانە زۆر باشەکانمان لە ئەورووپا، سەربازەکانمان لە دەرەوە بکەن و بەم زووانەش دەگەنە خاکی ئەمریکا. تەنیا وێنای بکەن ئەم رژێمە چەندە بوێرتر دەبوو ئەگەر ببوایە بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و بە کردەیی بەکاری بهێنایە بۆ گەیاندنی پەیامەکانی. 

لەبەر ئەم هۆکارانە، سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکان ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان و بەردەوام دەکات بۆ رێگریکردن لەم دیکتاتۆرییەتە زۆر خراپ و تووندئاژۆیە لە هەڕەشەکردن لە ئەمریکا و بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێمە. ئێمە مووشەکەکانیان لەنێو دەبەین و پیشەسازیی مووشەکییان تەخت دەکەین. جارێکی دیکە، بە تەواوی تێکدەشکێندرێتەوە. ئێمە هێزی دەریایی ئەوان لەنێو دەبەین. ئێمە دڵنیا دەبینەوە کە گرووپە تێرۆریستەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە چیدیکە نەتوانن سەقامگیریی ناوچەکە یان جیهان تێکبدەن و هێرش بکەنە سەر هێزەکانمان و چیدیکە نەتوانن بۆمبی چێندراو یان بۆمبی سەر رێگا بەکاربهێنن، بۆ بریندارکردن و کوشتنی هەزاران هەزار کەس، لەوانەش زۆرێک لە ئەمریکییەکان. ئێمە دڵنیا دەبینەوە کە ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستناهێنێت. ئەوە پەیامێکی زۆر سادەیە. ئەوان هەرگیز چەکی ئەتۆمییان نابێت.

ئەم رژێمە بەم زووانە فێری ئەوە دەبێت کە نابێت هیچ کەسێک تەحەدای هێز و توانای هێزە چەکدارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات. من لە یەکەم خولی ئیدارەکەمدا سوپاکەمانم بونیاد ناوە و دروستم کردووەتەوە، هیچ سوپایەک لە سەر زەوی نییە تەنانەت نزیکیش بێت لە هێز، توانا یان پێشکەوتوویی سوپای ئێمە. ئیدارەکەی من هەموو هەنگاوێکی گونجاوی گرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی مەترسی لەسەر کارمەندانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم قسەیە بە سادەیی ناکەم، رژێمی ئێران دەیەوێ بکوژێ. رەنگە گیانی پاڵەوانە ئەمریکییە ئازاکان لەدەست بدرێ و رەنگە قوربانیمان هەبێت، کە زۆرجار لە جەنگدا روودەدات. بەڵام ئێمە ئەمە بۆ ئێستا ناکەین، ئێمە ئەمە بۆ داهاتوو دەیکەین، ئەمە ئەرکێکی پیرۆزە. نزا بۆ هەر سەربازێک دەکەین کاتێک ژیانی خۆیان دەخاتە مەترسییەوە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئەمریکییەکان و منداڵەکانمان هەرگیز لەلایەن ئێرانێکی چەکدار بە ئەتۆمەوە هەڕەشەیان لێ نەکرێ. لە خودا دەپاڕێینەوە هەموو پاڵەوانەکانمان لە مەترسی بپارێزێ و متمانەمان هەیە کە پیاوان و ژنانی هێزە چەکدارەکان سەرکەوتوو دەبن. ئێمە مەزنترینمان لە جیهاندا هەیە و ئەوان سەرکەوتوو دەبن.

بۆ ئەندامانی سوپای پاسداران، هێزە چەکدارەکان و هەموو پۆلیسەکان، ئەمشەو دەڵێم کە دەبێت چەکەکانتان دابنێن و پارێزبەندیی تەواوتان دەبێت، یان لە بەرامبەردا رووبەڕووی مردنێکی مسۆگەر دەبنەوە. کەواتە چەکەکانتان دابنێن. بە دادپەروەری و پارێزبەندیی تەواوەوە مامەڵەتان لەگەڵ دەکرێ، یان رووبەڕووی مردنێکی مسۆگەر دەبنەوە. لە کۆتاییدا، بۆ گەلی مەزن و سەربەرزی ئێران، ئەمشەو دەڵێم کە کاژێری ئازادیتان نزیک بووەتەوە. لە شوێنە پارێزراوەکان بمێننەوە، ماڵەکانتان جێمەهێڵن. دەرەوە زۆر مەترسیدارە. بۆمبەکان لە هەموو شوێنێک دەکەون. کاتێک ئێمە تەواو بووین، حکومەتەکەتان بگرنە دەست. ئەوە هی ئێوەیە. ئەمە رەنگە دوایین دەرفەتتان بێت بۆ چەندین نەوە.

بۆ چەندین ساڵ داوای یارمەتیی ئەمریکاتان کرد، بەڵام هەرگیز دەستتان نەکەوت. هیچ سەرۆکێک ئامادە نەبوو ئەوە بکات کە من ئەمشەو ئامادە بووم بیکەم. ئێستا سەرۆکێکتان هەیە کە ئەوەتان پێ دەدات کە دەتانەوێ. بۆیە با ببینین چۆن وەڵام دەدەنەوە. ئەمریکا بە هێزێکی بێ وێنە و تووند پشتگیریتان دەکات. ئێستا کاتی ئەوەیە کۆنترۆڵی چارەنووسی خۆتان بکەن و ئەو داهاتوو پڕ لە گەشەپێدان و شکۆدارە دەستبخەن کە نزیکە لێتان. ئەمە ساتەوەختی کردارە. رێگە مەدەن تێپەڕێ. خودا پیاوان و ژنە ئازاکانی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا بپارێزێت. خودا بخاتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بپارێزێت. هەمووتان بپارێزێت. سوپاس.
 
ـ