ترەمپ: ئامانجمان گۆڕینی رژێمی ئێرانە

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەی واشنتن پۆستی راگەیاندووە، ئامانجی سەرەکیی لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی دژی تاران، دابینکردنی "ئازادی"یە بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە و گۆڕینی دەسەڵاتە.
 
بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەی واشنتن پۆستی راگەیاند، کاژێر 1:00ی بەرەبەیانی رۆژی شەممە بە کاتی واشنتن، کە دەکاتە 9:00ی بەیانی بە کاتی هەولێر، ئۆپەراسیۆنێکی گەورە بە ناوی "تووڕەیی داستا ئاسا" دەستیپێکردووە و چەند رۆژێک دەخایێنێت.
 
هێرشەکە بە مووشەکی تۆماهۆک لە کەشتییەکانەوە و بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەمریکا دەستیپێکردووە.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، تاران دەستبەجێ وەڵامی داوەتەوە و چەند بنکەیەکی ئەمریکای لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج، لەوانە بنکەی پاڵپشتیی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە بەحرەین.
 
ترەمپ لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ رۆژنامەکە لە مارالاگۆوە گوتی، "تاکە شتێک کە دەمەوێت، ئازادییە بۆ خەڵک. دەمەوێت وڵاتێکی ئارام هەبێت." 
 
شەوی رابردوو، ترەمپ لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دوو خوولەک و نیویدا، داوای لە خەڵکی ئێران کرد کە دوای وەستانی بۆردوومانەکان "دەست بەسەر حکومەتەکەیاندا بگرن" و گوتی، "ئەمە تاکە هەلی ئێوەیە لە چەندین نەوەی داهاتوودا [دووبارە نابێتەوە]. هیچ سەرۆکێک ئامادە نەبووە ئەوە بکات کە من ئەمشەو دەیکەم."
 
تاوەکو ئێستا هیچ سەربازێکی ئەمریکی بریندار نەبووە، بەڵام ترەمپ دانی بەوەدا نا کە مەترسی هەیە و گوتی، "رەنگە ژیانی پاڵەوانە ئەمریکییەکان لەدەست بدەین و قوربانیمان هەبێت، ئەمە لە جەنگدا روودەدات، بەڵام ئەرکێکی پیرۆزە بۆ داهاتوو."
 
ئەم بڕیارەی ترەمپ پێچەوانەی بانگەشەکانی پێشوویەتی. پار دەیگوت "ئەمریکا پێش هەموو شتێکە" و دژی "شەڕی بێ کۆتایی" بوو، تەنانەت رەخنەی لەو سەرۆکانە دەگرت کە هەوڵی گۆڕینی دەسەڵاتی وڵاتانیان دەدا. بەڵام ئێستا دەڵێت ئێران "47ساڵە تیرۆر لە دژی ئەمریکا دەکات" و ئاماژەی بە قەیرانی بارمتەکانی ساڵی 1979 و تەقینەوەکانی ساڵی 1983ی بەیروت کرد.
 
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دڵنیایی دەدات کە ئەمە نابێتە شەڕێکی درێژخایەنی وەک عێراق و ئەفغانستان. بەڵام واشنتن پۆست دەڵێت، ئەم هێرشە فراوانە، جیاوازە لە هێرشە سنووردارەکەی مانگی شەش و رەنگە ئەمریکا بۆ چەندین ساڵ تێوەبگلێنێت.