نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران وڵاتان پەلکێشی جەنگ نەکەن

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی پەرەسەندنی سەربازیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات و داوا دەکات لایەنەکانی جەنگەکە وڵاتانی دراوسێ تێوەنەگلێنن. دەشڵێت، دەبێت کێشەکان بە دیپلۆماسی چارەسەر بکرێن.
 
رۆژی شەممە، 28ی شوباتی 2026، ئانالینا بێربۆک، لە پەیامێکدا رایگەیاند: "سەرکۆنەی پەرەسەندنی سەربازیی زۆر مەترسیدار لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەم. پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان روونە؛ دەبێت هەموو وڵاتانی ئەندام ململانێ نێودەوڵەتییەکانیان بە رێگەی ئاشتییانە چارەسەر بکەن، بە شێوەیەک کە ئاشتی و ئاسایشی جیهانی نەخەنە مەترسییەوە."
 
بەربۆک ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە هەموو وڵاتان لە هەڕەشە و بەکارهێنانی هێز دژی سەروەریی وڵاتانی تر دووربکەونەوە و گوتی: "پێویستە نیگەرانییە جدییەکان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، چالاکییە ناوچەییەکان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا یەکلا بکرێنەوە."
 
ئەو هەڵوێستەی سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوە مووشەکییەکانی تاران دێت، کە کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە.
 
ئانالینا بێربۆک لە کۆتایی پەیامەکەیدا داوایەکی ئاراستەی واشنتن، تەل ئەڤیڤ و تاران کرد و گوتی: "داوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئیسرائیل و ئێران دەکەم بارودۆخەکە هێور بکەنەوە و وڵاتانی دراوسێ پەلکێشی ناو ئەم ململانێیە نەکەن. پێویستە هەمووان بەپەلە بگەڕێنەوە سەر مێزی دیپلۆماسی و گفتوگۆکان."
 
بەر لە هێرشەکەی ئەمڕۆ، چەندین هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ رێگریکردن لە جەنگ هەبوون، بەڵام بەهۆی پەرەسەندنەکانەوە ناوچەکە بەرەو بارودۆخێکی نادیار هەنگاو دەنێت.