بەرهەمهێنان لە تاقیگەدا؛ چین وەبەرهێنان بە بڕی 35 ملیار دۆلار لە کەرتی بایۆلۆجیای دەستکرد دەکات


رووداو دیجیتاڵ

چین بە خێرایی کەرتی بایۆلۆجیای دەستکردی خۆی فراوان دەکات و زیاتر لە 1500 کۆمپانیا و زیاتر لە 35 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لەم پیشەسازییەدا کردووە. ئەم تەکنەلۆژیایە وردە زیندەوەرانی ئەندازیاریکراو بەکاردەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی مادە کیمیاییەکان و کەرەستە و پێکهاتەکانی خۆراک.
 
گاو جیان، بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی ستراتیژی، لەبارەی کارەکانیانەوە دەڵێت: "لە کۆمپانیاکەمان دەتوانین زۆر شت دورستبکەین لەسەەر بنەمای بایلۆژیا، وەک شەکری بایلۆجی، کە زۆر جیاوازە لە شەکری ئاسایی  و شیرینیەکەی نزیکەی 70%ی ساکارۆزە، واتە زۆر شیرینە، بەڵام نابێتە هۆی زیادبوونی کێش یان بەرزبوونەوەی شەکری خوێن دوای خواردنی، بۆیە زۆر گونجاوە بۆ تووشبووانی شەکرە. سوودی پڕۆسەی کۆمپانیاکەمان لە کەرەستەی خاودایە،  کۆمپانیاکەمان بۆ دروستکردنی گلوکۆز بەکاردەهێنێت، کە تێچووی کەمتری هەیە. "ئەلۆکیتۆس"ی کۆمپانیاکەمان بە بەکارهێنانی شێوازی یەک هەنگاوی تەخمیرکردن دروست دەکرێت چونکە کەرەستەی خاو زۆر سادە و پاک و خاوێنە. لە ئێستادا قەبارەی بەرهەمی ئێمە بە چەند ملیۆن تۆن مەزەندە دەکرێت."
 
بایۆلۆجیای دەستکرد، خانە زیندووەکان لە تاقیگەکاندا دیزاین دەکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاراتر گەردەکان بەرهەم بهێنن. ئێستا چین نزیکەی لەسەدا 70ـی توانای تەخمیرکردنی جیهانی لە دەستدایە، ئەمەش رێگەی پێدەدات بەرهەمهێنان لە توێژینەوەی تاقیگەییەوە بگوازێتەوە بۆ بەرهەمی پیشەسازیی گەورە.
 
لەبارەی بەرهەمهێنانی جۆرێکی نوێی شەکر، کوی وی مین، بەڕێوەبەری تاقیگە و بەرهەمهێنان، ئاماژە بەوە دەکات: "ئەمە پڕۆژەی 'ئەلۆلۆز'ە کە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای تەخمیرکردنی بایۆلۆجیمان پەرەی پێدراوە. ئالۆلۆز شەکرێکی تەندروست و سروشتی و دەگمەنە کە تامەکەی زۆر لە شەکری تەقلیدی دەچێت بەڵام کالۆری بەرهەم ناهێنێت و میتابۆلیزمی مرۆڤ بارگرانی ناکات. لەبەرئەوەی بەکارهێنانی ساڵانەی شەکر لە جیهاندا ٢٠٠ ملیۆن تەنی تێپەڕاندووە، ئەمەش مەترسی تەندروستی دروست دەکات، دەتوانین بە تەکنەلۆژیای خۆمان چارەسەری ئەم پرسە بکەین. لەراستیدا دەتوانێت بە تەواوی جێگەی بەکارهێنانی ئێستای ساکارۆز و شەربەتەکانی دانەوێڵە بگرێتەوە. لە رووی تیۆریەوە دەتوانێت جێگەی هەموو بەکارهێنانەکانی شەکری سپی و شەربەتەکەی گلوکۆزی میوە بگرێتەوە، بەڵام بەهۆی کەمێک زیاتری تێچووی، رەنگە گواستنەوەکە وردە وردە بێت."
 
چین لە رێگەی بەرنامە نیشتمانی و ناوخۆییەکانەوە ملیاران دۆلاری دیکە وەبەرهێنان دەکات بۆ پەرەپێدانی ئەم کەرتە. شارەزایان دەڵێن بایۆلۆجیای دەستکرد دەتوانێت ببێتە بەشێکی سەرەکی لە بەرهەمهێنان لە داهاتوودا، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سووتەمەنیی بەردین و دووبارە داڕشتنەوەی پیشەسازیی جیهانی.
 
لە سەردەمێکدا کە ململانێ جیهانییەکان دابینکردنی وزە تێکدەدەن، چین وەبەرهێنان لە داهاتوویەکی جیاوازدا دەکات؛ کە دەتوانێت کەرەستە، مادە کیمیاییەکان و پێکهاتەکانی خۆراک بە بەکارهێنانی میکرۆبەکان بەرهەمبهێنێت. ئەم داهاتووە پەیوەست نییە بە نەوت و کارگەی تەقلیدییەوە، بەڵکو بەندە بە خودی بایۆلۆجییەوە.