کوردێک دەبێتە سەرۆکی شارەوانیی شارێکی ئەڵمانیا و بە مەمدانی ئەڵمانیا ناوی دەهێنرێت

رووداو دیجیتاڵ

کوڕە کوردێک دەبێتە سەرۆکی شارەوانی شارێکی ئەڵمانیا و بە مەمدانی ئەڵمانیا ناوی دەهێنرێت.
 
لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ویلایەتی بایرنی ئەڵمانیا، ئەبوزەر ئەردۆگان، کە کوڕە کوردێکی خەڵکی باکووری کوردستانە لە هەڵبژاردنەکاندا توانی سەرکەوێت و بووە سەرۆکی شارەوانیی گەورەی شاری رۆزنهایم.
 
سەرکەوتنی ئەو گەنجە بووەتە جێی باسی میدیا و رای گشتیی ئەڵمانیا، بەوەی وەک نوێنەری پارتی سۆسیال دیموکراتەکان توانیویەتی لە بەهێزترین بەربژێری پارتی کریستیان دیموکرات بباتەوە. پارتی کریستیان دیموکرات، بەهێزترین پارتی ویلایەتی بایرنی ئەڵمانیایە و لەو هەڵبژاردنەدا هەڵمەتێکی تووندیان بۆ دووبارە بردنەوەی پۆستی سەرۆکی شارەوانی گەورەی شارەکە بەڕێوەبرد، تەنانەت لەکاتی هەڵمەتەکەدا دۆنەری بەلاشیان بەسەر دەنگدەراندا دابەشدەکرد، بەڵام سودی نەبوو، ئەبوزەر  زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بووە سەرۆکی شارەوانیی شارەکە.
 
ئەبوزەر لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو هەواڵی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکەدا پشتڕاستکردەوە. ئەو کوڕی دایک و باوکێکی کوردی عەلەوی خەڵکی باکووری کوردستانە و لە ئەڵمانیا لەدایکبووە و یاسای خوێندووە.
 
 لە تەمەنی 19 ساڵییەوە بەشێوەیەکی چالاک لە کایەی سیاسیی ئەڵمانیا دەرکەوتووە، سەرەتا بەربژێری پەرلەمانی ئەڵمانیا بوو، بەڵام ئەمجارە بووە کەسی یەکەمی شاری رۆزنهایم کە کەوتووەتە ویلایەتی بایرنی باشووری ئەڵمانیا.
 
ئەو گەنجە نموونەیەکی سەرکەوتووی دیاسپۆرانشینانی کورد و ئەو خەڵکانەیە کە خاوەنی پاشخانێکی کۆچبەرین و دەتوانن لە ئەڵمانیا لە کایەی سیاسیدا سەرکەوتووبن، بەشێوەیەک میدیای ئەڵمانی بە زۆهران مەمدانی ئەڵمانیا ناوی دەهێنێت.