پێنتاگۆن تاوتوێی ناردنی 10 هەزار سەربازی دیکە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەگەر دۆناڵد ترەمپ رەزامەندی بدات، دەکرێ 10 هەزار سەربازی دیکەی ئەمریکا رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکرێن. ئەو کات ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بۆ نزیکەی 67 هەزار سەرباز بەرز دەبێتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، پێنتاگۆن تاوتوێی ناردنی 10 هەزار سەربازی دیکەی زەوینی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات. ئەم هێزانە دەچنە پاڵ ئەو 5,000 سەربازەی مارێنز و 2,000 ئەندامەی هێزی پەڕەشووتی فیرقەی 82ی هێزە ئاسمانییەکان کە پێشتر فەرمانی جووڵەیان بۆ ناوچەکە پێدرابوو.
ئەوەش لە کاتێکدایە، پێش دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، نزیکەی 50 هەزار سەربازی ئەمریکا لە بنکەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبوون.
ئەمریکا لە ساڵی 2003دا بۆ کۆنترۆڵکردنی عێراق 150 هەزار سەربازی بەکارهێنا. بۆیە ئەم 67 هەزار سەربازە بەراورد بەو ژمارەیە کەمە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رووبەرە گەورەیەی ئێران هەیەتی.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێ، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی سەربازەکان و دیدگەی ئیدارەی ترەمپ، پێناچێ ئەم هێزە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئێران بەکاربهێندرێ، بەڵکو دەکرێ 17 هەزار سەربازەکە زیاتر بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند ئەرکێکی هەستیار بەکاربهێندرێن، لەوانەش دەستبەسەرداگرتنی ئەو یۆرانیۆمەی ئێران پیتاندوویەتی، کۆنترۆڵکردنی دوورگەکانی ئەبوو موسا، تونبی گەورە و تونبی بچووک و دوورگەی خارک.
ئەگەر ئەمریکا پلانێکی لەو جۆرە جێبەجێ بکات، ئەوا ئامانجەکەی بریتی دەبێت لە گوشارخستنە سەر ئێران بۆ ئەوەی بە مەرجەکانی رازی بێت.
بەڵام کارێکی لەو جۆرەش بێ مەترسی نییە. مارک مۆنتگۆمەری، ئەدمیراڵی خانەنشین، بە وۆڵ ستریت جۆرناڵی راگەیاند، کۆکردنەوەی سەربازان لە شوێنێکی وەک دوورگەی خارک دەبێتە هەلێکی زێڕین بۆ ئێران تاوەکو لەرێگەی مووشەکە بالیستی و کرووزەکانییەوە سەربازانی ئەمریکا بکاتە ئامانج.
جۆزێف ڤۆتێل، فەرماندەی پێشووی سێنتکۆمیش دەڵێ، دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆم ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆزە و پێویستی بە ئەندازیار و کەرەستەی هەڵکەندنە، چونکە زۆربەی مادەکان لەژێر داروپەردووی ئەو شوێنانەدان کە هاوینی رابردوو بۆردومان کراون.
تاوەکو ئێستا ترەمپ فەرمانی هێرشی زەوینی نەداوە. مارکۆ رووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی هەینی لە فەرەنسا رایگەیاند، ئەوان دەتوانن بەبێ هێزی زەوینیش ئامانجەکانیان بپێکن.