بەهۆی تێشکاندنی بەلەمێکەوە لە دەریای نێوەڕاست گومانی گیانلەدەستدانی چەند هاونیشتیمانی کورد دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک کۆچبەری رزگاربوو بە پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنانیان راگەیاند، 22 کۆچبەر دوای ئەوەی بۆ 6 رۆژ لەنێو بەلەمێکی چووپدا لە دەریادا گیریان خوارد، گیانیان لەدەستدا. چالاکڤانێکی کۆچبەری دەڵێ، "گومان دەکرێ 6 لەوان خەڵکی هەرێمی کوردستان بن."
 
پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند، درەنگی رۆژی هەینی کەشتییەکی ئاژانسی پاراستنی سنوورەکانی ئەورووپا (فرۆنتێکس) توانی 26 کەس لەنزیک دوورگەی کریت رزگار بکات، کە ژنێک و منداڵێکیان تێدابوو. رزگاربووەکان ئاشکرایان کردووە، تەرمی ئەو کۆچبەرانەی گیانیان لەدەستداوە، فڕێدراونەتە نێو دەریاوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی پاسەوانی کەناراوەکان کە لەسەر بنەمای گوتەی رزگاربووان ئامادەکراوە، بەلەمەکە لە 21ی ئاداری 2026 لە رۆژهەڵاتی لیبیاوە بەرەو یۆنان بەڕێکەوتووە.
 
رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەران لە ئەورووپا، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ژمارەیەک هاونیشتمانی 7 رۆژە لە لیبیاوە گوتوویانە بەڕێدەکەون بۆ ئیتاڵیا و دەنگیان نەماوە، پێدەچێت هەموویان لەو بەلەمەدا بووبن کە نیوەی سەرنشینەکانی خنکاون."
 
لە راگەیێندراوی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان دا هاتووە، "سەرنشینەکان لەنێو دەریادا رێگەیان لێ تێکچووە و بۆ 6 رۆژ بێ ئاو و خۆراک لەنێو دەریادا ماونەتەوە." ئاماژە بەوەش کراوە، تەرمی کۆچبەرە خنکاوەکان "بە فەرمانی یەکێک لە قاچاخچییەکان فڕێدراونەتە نێو دەریاوە."
 
ناسنامەی چوار لەو کۆچبەرە کوردانەی بێسەروشوێنن بۆ رووداو نێردراوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، قاچاخچییەکان بە کەسوکاری ئەو 6 هاونیشتمانییەیان گوتووە، کوڕەکانیان پێش دەرچوون لە لیبیا لەلایەن چەکدارەکانی لیبیاوە دەستگیر کراون، بۆیە کەسوکاریان بەو ئومێدەن کوڕەکانیان "لە زیندان بن."
 
رەنج پشدەری گوتیشی، "پێشتر گەنجی زۆری کورد لە لیبیا دەستگیرکراون و دەرفەتیان پێ دراوە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ کوردستان بکەن و هەواڵی دەستگیرکردنیان بگەیێننە کەسوکاریان، بەڵام ئەو 6 هاونیشتمانییە هیچ پەیوەندییەکیان بە کەسوکاریان نەکردووە، پەیوەندی نەکردن و کاتی دەرچوونی بەلەمەکە و بێدەنگبوونی ئەو هاونیشتمانییانە گومانی ئەوەی زۆر کردووە کە لەنێو بەلەمەکەدا بووبن."
 
دوو لە رزگاربووەکانیش بۆ وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشخانەی شاری هێراکیلیۆن لە دوورگەی کریت گوێزراونەتەوە. چالاکڤانە کوردەکەی ئەورووپا گوتی، "پۆلیس زانیاریی تەنیا لە زاری کۆچبەرە رزگاربووەکانەوە بڵاو کردووەتەوە، بۆیە دواتر دەتوانرێت زانیاریی زیاتر لەسەر ناسنامەی کۆچبەرەکان بەدەستبهێندرێت."
 
ئەو هاونیشتمانییانەی 7 رۆژە بێسەروشوێنن، خەڵکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن لە پارێزگای سلێمانی.