ترەمپ بەریتانییەکان بە "هاوڕێی نزیک" ناودەبات و پێشوازی لە شا چارڵز دەکات
رووداو - هەولێر
دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "هیچ هاوڕێیەکی لە بەریتانییەکان نزیکتر نییە." ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتی پێشوازیکردن بوو لە شا چارڵزی سێیەم لە کۆشکی سپی، کە سەردانە فەرمییەکەی لەژێر سێبەری گرژییەکانی جەنگی ئێراندا بەڕێوەدەچێ.
رۆژی سێشەممە 28-04-2026 لە گوتارێکدا و لە رێوڕەسمێکی پڕ لە شکۆدا کە تێیدا 21 تۆپ وەک رێزگرتن تەقێندران، تۆنی قسەکانی ترەمپ تەواو جیاواز بوو لەو هێرشە تووندانەی ئەم دواییەی کە ئاراستەی حکومەتی بەریتانیای کرد بەهۆی ئەوەی بەشداری لە جەنگەی دژی تاران نەکردبوو.
ترەمپ گوتی، ئەم سەردانە هاوکاتە لەگەڵ یادکردنەوەی 250 ساڵەی راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمریکا لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیا و گوتی: "لەو کاتەوەی سەربەخۆییەکەمان بەدەستهێناوە، ئەمریکییەکان هیچ هاوڕێیەکی نزیکتریان لە بەریتانییەکان نەبووە."
سەرۆکی ئەمریکا دەستەواژەی "پەیوەندییە تایبەتەکە"ـی بەکارهێنا، کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە لەلایەن وینستن چێرچڵەوە بۆ پەیوەندییەکانی لەندەن و واشنتن داهێنراوە و گوتی: "ئێمە پەیوەندییەکی تایبەت لە نێوانمان هەیە و هیوادارین هەمیشە بەو شێوەیە بمێنێتەوە."
ترەمپ ستایشی سوپای بەریتانیای کرد و گوتی: "کەس وەک ئەوان بە باشی لەگەڵ ئەمریکا نەجەنگاوە،" ئەمە لە کاتێکدایە ماوەیەک پێش ئێستا هەردوو فڕۆکەهەڵگرە نوێیەکەی بەریتانیای بە "یاریی منداڵانە" ناوبرد.
دوای گوتارەکەی ترەمپ، چوار فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی بە ئاسمانی کۆشکی سپیدا فڕین، لە کاتێکدا ترەمپ، مێلانیای خانمی یەکەم، شا چارڵز و شاژنە کامێلا تەماشایان دەکردن.
بڕیارە [ئەمشەو سێشەممە کاژێر 10:00 شەو بەکاتی هەولێر]، شا چارڵز گوتارێک لە کۆنگرێسی ئەمریکا پێشکێش بکات و پێشبینیی دەکرێ تێیدا داوای "ئاشتەوایی و نوێکردنەوەی پەیوەندییەکان" بکات.
"رۆژێکی جوانی بەریتانی"
ترەمپ کە هەمیشە سەرسامیی خۆی بۆ خێزانی پاشایەتیی بەریتانیا نیشانداوە، لەو بەیانییە باراناوییەی واشنتندا زۆر خۆشحاڵ دیار بوو، رووی لە ئاسمان کرد و بە گاڵتەوە گوتی: "ئەمە چ رۆژێکی جوانی بەریتانییە."
لە کاتی رێوڕەسمەکە، سروودی نیشتمانیی هەردوو وڵات لێدرا و شا چارڵز تەوقەی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەی ترەمپ کرد، لەوانە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە؛ دواتریش پێکەوە سڵاویان لە پاسەوانی شکۆ کرد.
لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکەدا، دەنگی کارکردن لەو شوێنە دەبیسترا کە ترەمپ هۆڵە گەورە 400 ملیۆن دۆلارییەکەی کۆشکی سپیی تێدا دروست دەکات. بڕیارە دواتر ترەمپ و شا چارڵز لە نووسینگەی سەرۆکی ئەمریکا کۆببنەوە و ئێوارەش نانی ئێوارەی فەرمییان بۆ ساز دەکرێ.
رێکاری ئەمنیی تووند
سەردانەکە لە ژێر رێکاری ئەمنیی زۆر توونددا بەڕێوەدەچێ، بەتایبەت کە تەنیا چەند رۆژێک دوای رووداوی تەقەکردنەکەی نانی ئێوارەی رۆژنامەڤانان دێ. لە رۆژی یەکەمی سەردانەکەدا ترەمپ و مێلانیا بە چا و کێک میوانداریی شا و شاژنەکەیان کرد و پاشان پوورە هەنگەکانی کۆشکی سپییان نیشان دان.
بەڵام گرنگترین بەشی سەردانەکە گوتارە 20 خولەکییەکەی شا چارڵز دەبێت لە کۆنگرێس.