پیاوێکی 89 ساڵ لە یۆنان تەقەی کرد و چوار کەسی بریندار کرد؛ "هۆکارەکە مووچە بووە"
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی یۆنان پیاوێکی تەمەن 89 ساڵی دەستگیرکرد، دوای ئەوەی لە دوو رووداوی تەقەکردندا لە ئەسینای پایتەختی وڵاتەکە چوار کەسی بریندار کرد. کێشەی پەیوەست بە مووچەی خانەنشینی وەک هۆکار باس دەکرێ.
ئەو پیاوە خانەنشینە، کە دەگوترێ کێشەی دەروونی هەبووە، لە شاری (پاتراس) کە نزیکەی 200 کیلۆمەتر لە ئەسیناوە دوورە، دوای چەند کاژێرێک لە هەڵاتنی، دەستگیرکرا. میدیای فەرمیی یۆنان بڵاویکردەوە، پیاوەکە لە هۆتێلێکی نزیک وێستگەی پاسەکان لەو شارە بەندەرییە دۆزراوەتەوە و چەکێکی پێبووە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی یۆنان (ANA) بڵاویکردەوە، پیاوەکە فرۆشیاری ئاسنی سکراپ بووە و سەرەتا لە نێوەراستی ئەسینا تەقەی لە فەرمانبەرێکی دامەزراوەی خانەنشینیی دەوڵەت کردووە. دواتر چەند شەقامێک لەولاتر، لە نووسینگەیەکی دادگە تەقەی کردووە و لە ئەنجامدا سێ ژن بە سووکی بریندار بوون و ژنێکی دیکەش بەهۆی ترسەوە تووشی شۆک بووە.
میدیای یۆنان دەڵێ، هەموو بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کراون و ژیانیان لە مەترسیدا نییە.
میدیای یۆنان گرتەیەکی کامێرای چاودێریی بڵاوکردەوە کە تێیدا تۆمەتبارەکە دەردەکەوێ چاکەتێکی رەنگ تاریک و کڵاوێکی لەسەرە و بە پێ لە نووسینگەی خانەنشینی دەچێتە دەرەوە.
پۆلیس هێشتا پاڵنەری سەرەکیی رووداوەکەی بڵاونەکردووەتەوە.
بەپێی راپۆرتە هەواڵییەکان، ئەو پیاوە لە ساڵی 2018 لە نەخۆشخانەی دەروونی چارەسەری وەرگرتووە، لە نووسینگەی دادگە تفەنگێکی تاپڕ و چەند نامەیەکی جێهێشتووە کە تێیاندا گلەیی لەوە کردووە نەیتوانیوە مووچەی خانەنشینی وەربگرێ.
لە وەڵامی ئەم رووداوەدا، کارمەندانی دادگەی ئەسینا بۆ رۆژی چوارشەممە مانگرتنی سەرتاسەرییان بۆ 24 کاژێر راگەیاند. ئەوان لاوازیی رێکارە ئەمنییەکانی ناو بیناکانی دادگەیان لە روودانی ئەو هێرشە بە بەرپرسیار زانی.