نوێنەری رووسیا لە UN بۆ رووداو: دەمانەوێ هورمز بکرێتەوە، بەڵام دەبێت جەنگ کۆتایی بێت

 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، دەیانەوێ تەنگەی هورمز بکرێتەوە، بەڵام سەرەتا دەبێت جەنگەکە بوەستێت.
 
ڤاسیلی نێبێنزیا، نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "ئێمە دەمانەوێت تەنگەی هورمز بکرێتەوە، بەڵام مەبەستم ئەوەیە، بۆ ئەوەش دەبێت دەستدرێژییەکە بوەستێت و جەنگەکەش کۆتایی بێت."
 
رووداو پرسیاری لە نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بۆچی دوێنێ لەگەڵ نوێنەرانی چەندین وڵاتی دیکە ئامادە نەبوو کاتێك داوای کردنەوەی تەنگەی هورمزیان کرد؟ لە وەڵامدا ئەویش گوتی، چونکە ئەو کارە پێچەوانەی رێڕەوی سرووشتیی رووداوەکان کرا.
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و ڤاسیلی نێبێنزیا، نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان:
 
رووداو: ئیمارات رایگەیاندووە کە لە ئۆپێک پڵەس دەکشێتەوە. هەڵوێستی رووسیا لەو بارەیەوە چییە؟
 
ڤاسیلی نێبێنزیا: یەکەمجارە بیبیستم، بەڕاستی زۆر بە جیدیمە، جیدی. پێشتر نەمبیستبوو. دەبێت سەرەتا هەواڵەکە ببیستم. بەهەرحاڵ نەمبیستووە.
 
رووداو: ئەی بۆچوونت چییە لەسەر ئەوەی دوێنێ دەیان وڵات داوای دووبارە کردنەوەی تەنگەی هورمزیان کرد، بەڵام جەنابت لەوێ نەبوویت؟
 
ڤاسیلی نێبێنزیا: ئێمە دەمانەوێ تەنگەی هورمز بکرێتەوە، بەڵام مەبەستم ئەوەیە بۆ ئەوەی ئەوە رووبدات، دەبێت دەستدرێژییەکە بووەستێندرێ و جەنگەکە کۆتایی بێت.
 
رووداو: ئایا هەر ئەوە کێشەی ئێوە بوو کە دوێنێ نەچوونە نێو گرووپەکەوە؟
 
ڤاسیلی نێبێنزیا: چونکە ئەوان زنجیرەی رووداوەکانیان پاش و پێش خست.