دەیان وڵات داوای کردنەوەی تەنگەی هورمز و پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی دەکەن
رووداو - نیویۆرک
بە دەگمەن بەمشێوەیە پێکەوە دەردەکەون. دیپلۆماتکارانی دەیان وڵات رۆژی دووشەممە لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە تاوەکو بە یەک دەنگ دژایەتی خۆیان بۆ قەیرانێک دەرببڕن کە بازاڕەکانی وزەی جیهانی هەژاندووە.
عەبدوللەتیف بن راشد ئەلزەیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرەین دەڵێت: "ئێمە دووپاتی پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ بڕیارنامەی 2817 دەکەینەوە کە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر دراوسێ ناوچەییەکانی شەرمەزار دەکات. داخستنی تەنگەی هورمز و بەردەوامی هێرشەکان لە ناو تەنگەکەدا، هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی و ماف و ئازادییەکانی دەریاوانی. هاتوچۆی ئازادانەی دەریاوانی لە ڕێگەی تەنگەکەوە بەردی بناخەی ئاسایش و خۆشگوزەرانی جیهانییە."
دوای خوێندنەوەی بەیاننامە هاوبەشەکەیان، نوێنەرانی وڵاتان چوونە پشتی ئەو دیوارە بۆ نێوهۆڵی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی کراوە لەسەر تەنگەی هورمز. لەم مانگەدا، بەحرەین سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەکە دەکات و سەرکردایەتی هەوڵەکان بۆ زیادکردنی فشاری نێودەوڵەتی بۆسەر ئێران دەکات.
پێشتر ئەم مانگە، پشتیوانی لە پڕۆژەبڕیارێک کرد کە رێگەی بە بەکارهێنانی هێز دەدا بۆ هێشتنەوەی رێڕۆ ئاوییەکە بە کراوەیی. بەڵام رەشنووسەکە پەسەند نەکرا چونکە چین و رووسیا ڤیتۆیان کرد.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "دەبێت رێز لە ماف و ئازادییەکانی دەریاوانی لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە بگیرێت، وەک لە بڕیارنامەی 2817ی ئەم ئەنجوومەنەدا جەختی لێکراوەتەوە. پێویستە ئەم پرەنسیپانە بە تەواوی و بەبێ دواکەوتن پەیڕەو بکرێن. داوا لە لایەنەکان دەکەم: تەنگەکە بکەنەوە، رێگە بدەن کەشتییەکان تێپەڕ بن، بەبێ وەرگرتنی سەرانە و بەبێ جیاکاری؛ با بازرگانی دەستپێبکاتەوە."
لەدەرەوەی ئەم دیوارانە، دیارنییە ئەم یەکگرتووییە گەورەیە چی کاریگەرییەکی کرداری دەبێت. رووسیا و چینیان هێشتا لەگەڵدا نییە. کاتێک لێمان پرسی بۆچی، باڵیۆزی چین بەمجۆرە وەڵامی دایەوە.
فو کۆنگ، باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی گوت: "نەخێر لە راستیدا، ئێمە پێمان وایە ئەوەی لە هەمووی گرنگترە بەدیهێنانی ئاشتییە، ئەگەر ئاشتی زاڵ بێت، پێم وایە تەنگەی هورمز دەکرێتەوە."
رووداو پرسی: "چی بەسەر ئەو بڕیارنامەیە هات کە لەگەڵ رووسیا لەسەر تەنگەی هورمز کارتاند لەسەر دەکرد؟ ئایا هێشتا ماوە؟"؛ فو کۆنگ لە وەڵامدا گوتی: "بەڵێ، هێشتا لەسەر مێزە."
هەموو ئەمانە لە کاتێکدا روودەدەن کە واشنتن و تاران بە وریایی و گومانەوە گەڕاونەتەوە سەر مێزی گفتوگۆ. لە پاکستان کۆبوونەوەیەکیان کردووە و ئاگەربەس لە نێوانیان دروستبووە، دوای شەڕێک کە چەندین هەفتەی خایاند و سەدان کەس تیایدا کوژران.