راپۆرتێک: لە سەردەمی کۆرۆنادا لە سێدارەدان لە کۆریای باکوور دوو هێندە زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی نوێ دەریدەخات کە لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەتی کۆریای باکوور لە سێدارەدانی هاووڵاتییەکانی زیادکردووە؛ هۆکاری سەرەکیش بینینی فیلم و دراماکانی کۆریای باشوور و گوێگرتنە لە میوزیکی کەی پۆپ.
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی "گرووپی کار بۆ دادپەروەریی راگوزەر"، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا و دوای داخستنی سنوورەکان، رێژەی لە سێدارەدان و سزای کوشتن بەراورد بە ساڵانی پێش کۆرۆنا، دوو هێندە زیادی کردووە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو کەسانەی سەیری فیلمی بیانی دەکەن یان شوێن هەر ئایینێک دەکەون، بە رێژەی 250% زیادیکردووە. هەروەها بەشێکی زۆری ئەوانەی لە سێدارە دراون، پەیوەندییان بە "تاوانی سیاسی" و رەخنەگرتن لە کیم جۆنگ ئون، رێبەری وڵاتەکەوە هەبووە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکان لەو وڵاتەدا زیادیان کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی راپۆرتەکە، نزیکەی 75%ی ئەوانەی لەسێدارە دراون، لە شوێنە گشتییەکان و لەبەردەم خەڵکدا سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە، کە زۆربەیان لە رێگەی گوللەبارانکردنەوە بووە لە گۆڕەپان، کەناری رووبار و ناوچە کشتوکاڵییەکان.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، دۆخی مافی مرۆڤ لە کۆریای باکوور خراپتر بووە و هیچ چاکسازییەک نەکراوە، بەڵام حکومەتی کۆریای باکوور هەموو ئەم تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، نەتەوە یەکگرتووەکان دەیەوێت کێشەی سیاسییان بۆ دروست بکات.