نەمسا؛ دادگاییکردنی دوو تۆمەتبار بە پلانی هێرشکردنە سەر کۆنسێرتەکەی تایلەر سویفت دەستیپێکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لە شاری وینەر نۆیشتاتی نەمسا، پرۆسەی دادگاییکردنی دوو گەنج بە تۆمەتی "تێوەگلان لە کردەوەی تیرۆریستی بەناوی داعش" دەستیپێکرد. تۆمەتبارەکان جگە لە پلانی هێرشکردنە سەر کۆنسێرتەکەی تایلەر سویفت، تۆمەتبارن بە پلاندانان بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ئیمارات، سعودیە و تورکیا.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی نیسانی 2026، دادگاییکردنی (بێران ئەی) کە هاووڵاتییەکی نەمسایی-ماکدۆنییە و (ئەردا کەی) کە خاوەن رەگەزنامەی سلۆڤاکی-تورکییە، لەژێر رێکاری تووندی ئەمنیدا دەستیپێکرد.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان بێران ئەی-ی تەمەن 21 ساڵ، تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەکەیەو لە رێگەی پلاتفۆرمی "تیکتۆک"ـەوە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی گوتارخوێنە تووندڕەوەکان.
 
لە دۆسیەی دادگاکەدا هاتووە، کە بێران لە 7ـی ئابی 2024دا دەستگیرکراوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) هۆشداریی دایە دەسەڵاتدارانی نەمسا کە پلانێکی "تیرۆریستی" بۆ هێرشکردنە سەر کۆنسێرتەکەی تایلەر سویفت لە ڤیێنا لە ئارادایە. ئەم هۆشدارییە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سێ کۆنسێرتی گەورەی ئەو خانمە گۆرانیبێژە لە یاریگەی ئێرنست هاپڵ.
 
تۆمەتبارەکە لە دانپێدانانەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، مەبەستی بووە لە رێگەی تەقەمەنی و چەکەوە "بێباوەڕان" لە بەردەم یاریگەکەدا بکوژێت.
 
داواکاری گشتیی وینەر نۆیشتات رایگەیاند، پلانەکانی ئەم گرووپە تەنیا نەمسای نەگرتووەتەوە. بێران و ئەردا لەگەڵ کەسێکی دیکە بە ناوی (حەسەن ئی)، لە ساڵی 2023دا پلانیان داناوە لە مانگی رەمەزانی 2024دا زنجیرە هێرشێک لە شارەکانی دووبەی، مەککە و ئیستەنبووڵ ئەنجام بدەن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی ناو دۆسیەکە، تۆمەتباران لە رێگەی تەلەفۆن و دیدار لە ڤییەنا و ئیستەنبووڵ پەیوەندییان هەبووە. یەکێک لە ئەندامانی گرووپەکە بە ناوی (حەسەن ئی) لە 11ـی ئاداری 2024، بەشێکی پلانەکەی جێبەجێ کردووەو لە ناو "مزگەوتی حەرام" لە مەککە بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر کارمەندێکی ئەمنی.
 
داواکاری گشتی چاوەڕوان دەکات بەهۆی قورسیی تۆمەتەکان و ئەندامێتییان لە رێکخراوی داعش، هەردوو تۆمەتبارەکە بە زیندانیکردن بۆ ماوەی 10 بۆ 20 ساڵ سزا بدرێن.