هێرشکارەکەی ئۆسلۆ لە وەرزشەوە بۆ ژینگەی شەڕانگێزی
رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی لەدایکبووی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژێک پێش لە 43ـەمین رۆژی لەدایکبوونی، چەپ و راست بە چەک هێرش دەکاتە سەر میوانانی باڕ و یانەکانی شەقامی بەنێوبانگی رۆزنکرانتزی ئۆسلۆ. دوو کەس دەکوژێت کە هیچیان هاوڕەگەزخواز نەبوون و 21ـی دیکەش برینداردەبن.
شەقامی ژمارە 0301 لە ماستەرپلانی ئۆسلۆ لە ساڵی 1852 بۆ رێزگرتن لە ئەمینداری بانکی نەرویجی مارکوس رۆزنکرانتز ناوی لێنراوە، رۆزنکرانتز. هەمان شەقام بە بەردەم ستۆرتینگێت - پەرلەمانی نەرویجیش تێدەپەڕێ و لەنێو جەرگەی ئۆسلۆی پایتەختدایە.
ژمارەیەک خواردنگە، باڕ و یانەی شەوانە لەو شەقامە دڵخوازەدا هەن. لە باکووری شەقامەکە تەلاری دادگەی ئۆسلۆ هەیە و گۆڕەپانێکی بە کورسی دیزاینکراوی جوان بۆ رێبواران دانراون. نزیکەی 30 ساڵە لە تەنیشت گۆڕەپانەکە باڕێکی ناسراو هەیە لە تەنیشت ساندویچ و پیتزافرۆشێک ئینجا یانەی لەندەن هەیە. ئەو یانەیە لە ساڵی 1979وە لەو شەقامە کراوەتە و بووەتە شوێنی بەیەکگەیشتنی پیاو و ژنی هاوڕەگەزخوازان. لەسەر تابلۆیەکی ژێرزەمینی یانەکە نووسراوە "لە ساڵی 1979ـوە بارەگای سەرەکیی پیاوانی هاوڕەگەزخوازە." لە ئێوارانی کۆتایی هەفتە پەیداکردنی شوێنێکی دانیشتن لە یەکێک لەو شوێنانەی خواردن و خواردنەوە زەحمەتە و ئەوکەسە بە خۆشبەخت دادەنرێت.
گەنجێکی رۆژهەڵاتی کوردستان چەپ و راست تەقە لە خەڵک دەکات
لە باکووری شەقامەکە و لە گۆڕەپانی پێش دادگەوە، گەنجێک بە تیشێرتێکی زەرد و پانتۆڵێکەوە بە چەکەوە دێت و تەقە دەکات. گەنجەکە دەگاتە پێش یانەی لەندەن و ژمارەیەک گولـلە بە دوای یەکدا لە جامخانەیەک دەدات. ئەو کەسانەی لەوێ و دەوروبەری بوون، هەڵدێن. گەنجەکە بەرەو باشوور دەڕوات و خۆی دەگەیێنێتە یەکەم ترافیکلایت و لەوێ بەرەوە دەستە چەپ دەڕوات کە هێشتا بەردەوامە لە تەقەکردن. لە ئەنجامدا دوو کەس دەکوژێت و 21ـی دیکەش برینداردەبن. کوژراوەکان فڕۆکەوانێکی 52 ساڵە بە ناوی "جۆن ئیساکسن" و ژنێکی پەرستار و کۆمەڵناسی تەمەن 60 ساڵ بە ناوی "کارێ" بوون.
تەقەکەرەکە بە کەمتر لە پێنج خولەک کۆنترۆڵ دەکرێت. ناوی "زانیار مەتاعپوورە"، گەنجێکی کوردە، لە نەرویج گەورەبووە و خێزانەکەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
زانیار مەتاعپوور کێیە؟
زانیار مەتاعپوور، لە 26ـی 6ـی 1979 لە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. باوکی زانیار مامۆستا بووە لە سنە. لە کۆتایی 80کانی سەتەی رابردوو کە ناوی لای تیمی رووداو پارێزراوە لەگەڵ منداڵەکانی رێگەی پاکستان دەگرن و لەوێوە بە رێگەی پڕۆگرامێکی رێکخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان UNHCR مافی پەنابەرێتییان لە نەرویج پێ دەدرێت.
لە ساڵی 1991 دەگەنە نەرویج و سەرەتا لە شاری بێرگن نیشتەجێ دەبن. لە ساڵی 1993ـەوە، خێزانەکەی زانیار روو لە ئۆسلۆی پایتەخت دەکەن و لەوێ نیشتەجێ دەبن. لە ئۆسلۆ زانیار وەرزشی بۆکسێن دەکات و تاوەکو ئەو ئاستە سەرکەوتووبووە کە میدیا لۆکاڵییەکان باس لە خەڵات وەرگرتنەکانی دەکەن.
کوردانی ئۆسلۆ، زانیار دەناسن، بەڵام هاتووچۆی ناوەند و کۆمەڵە و چالاکییە کوردستانییەکانی نەکردووە. بەلانیکەم لە ساڵی 2015ـوە زانیار دۆسیەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەیە، لەسەر ماددەی هۆشبەر و شەڕکردن دەستگیرکراوە، هەروەها جارێک بۆ نزیکەی سێ مانگ زیندانی کراوە.
کوردێکی دانیشتووی ئۆسلۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خێزانەکەی زانیار، لە سنە ناسراو و دیارن بە چاکە و بێ کێشە. خۆی و خوشک و براکانی لە نەرویج خوێندوویانە و کۆلێژەکانی ئەندازیاری و پزیشکییان تەواوکردووە.. باوکی زانیار هاوبیری یەکێک لە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە، بەڵام چالاکانە نەچووەتە نێو رێکخستنەکان."
خاوەنی یانەی لەندەن: کوژراوەکان میوانمان نەبوون
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، یانەی لەندەن کە بەر تەقەکردنەکە کەوتووە، پێش دەرگەکانی پاک دەکەنەوە و جارێکی دیکە بە رووی میوانەکانیان دەیکەنەوە.
کەسێک بە سیمایدا دیارە، خەڵکی پاکستان یان هیندستانە ئەو تاجە گوڵینانەی کە لەبەردەم جامخانە و دەرگەی یانەکە دانراون، رێکدەخات. بەبێ ئەوەی ناوی بە رووداو رابگەیێنت، دەڵێت، "من خاوەنی یانەکەم. دووبارە دەیکەینەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی رق و کینە ناتوانێت بمان وەستنێت."
خاوەنی یانەکە دەشڵێت، "جامخانەکەی ئێمە گولـلەی بەرکەوتووە. میوانەکانمان نەکوژراون، بەڵام بریندار لەنێویاندا هەبوون."
پیاوێک کە تەمەنی نزیکەی 50 ساڵە دەڵێت، "یەکێک لە کارمەندەکانی ئێمە بۆ ئاسایش - سیکیوریتی، خەڵکی ئێرانە. ئەوەی هاوکاریی دەکردین بۆ پاراستنی گیانی میوانەکان و ئەوەی دیکەش بەهەمان شێوە خەڵکی ئێرانە کە هێرشی دەکرد."
کارمەندێکی سیکیوریتی یانەی لەندەنیش خەڵکی سنەیە
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، ئەو گەنجەی کاری پاراستنی ئاسایشی یانەکەی دەکرد ناوی سامانە و خۆیشی خەڵکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە. دوای ئەو رووداوە، بەپێی قسەکانی خاوەنی یانەکە لەبەر کاریگەریی هێرشەکە نەیتوانیوە بۆ دووبارە کردنەوەی یانەکە بڕواتەوە سەر کارەکەی.
هۆکاری تەقەکردنەکە نازانرێت و پۆلیس دەڵێت، هێرشەکە پاشخانێکی "ئیسلامیی تووندئاژووی" هەیە
دوای دەستگیرکردنی زانیار، پۆلیس هەر زوو راگەیاند کە هێرشەکە پاشخانێکی "ئیسلامی توندئاژووی" هەیە. لە کاتی لێپرسینەوە لەگەڵ زانیار دەکرێت، رازی نەبێت قسەبکات و داوا بکات تەواوی لێپرسینەوەکە بە دەنگ و رەنگ تۆماربکرێت بۆ رای گشتی بڵاوبکرێتەوە.
سەرەتا زانیار بۆ شوێنێکی چارەسەری دەروونی دەبردرێت، بەڵام دواتر بۆ گرتووخانەی لێکۆڵینەوە دەگوازرێتەوە. جۆن کرستیان ئێلدن، پارێزەرێکی ناسراوە لە نەرویج بە میدیایی وڵاتەکەی گوتووە، "جارێ زووە باس لە هۆکاری تەقەکردنەکە بکرێت، چونکە زانیار قسەی لەگەڵ پۆلیس نەکردووە و دەبێ چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بکرێت."
سەیران ئەحمەد، پارێزەری یاسایی تاوانە لە نەرویج و خۆی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان تۆمەتبارەکە سزای بۆ دەردەچێت، بەڵام جارێ نازانرێت بەپێی یاسای تیرۆر یاخود یاسایێکی دیکە مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسە دەکرێت."
کوردانی نەرویج لە میدیا و رای گشتیی وڵاتەکەیان توڕەن و دەڵێن، "زانیار لەنێو کولتووری ئەم وڵاتە پەروەردە و گەورە بووە، بۆیەش ناوهێنانی بە کورد نادادیە کە بەرامبەر بە کوردانی هەموو جیهان دەکرێت." خۆی هەر پاڵنەرێکی هەبووبێت بۆ ئەم هێرشە، دەربڕین لە خۆی دەکات و پێویستە هیچ دەزگە و دامەزراوەیێکی دەوڵەت ناوی بە کوردبوونەوە نەلکێنن بەڵکو وەک کەسێکی هەڵگری وڵاتینامەی نەرویج بیناسێنن.