حەوت مانگە خانمە کۆچبەرێکی کورد لەسەر سکاڵای دوو کۆچبەری ئێرانی و ئەفغانستانی لە ئیتاڵیا زیندانە

 
رووداو دیجیتاڵ

حەوت مانگە خانمە کۆچبەرێکی کورد لەسەر سکاڵای کۆچبەرێکی ئێرانی و یەکێکی ئەفغانستانی لە زیندانەکانی ئیتاڵیادایە. ئێستا واژۆ بۆ ئازادکردنی کۆدەکرێتەوە. کۆچبەرە ئێرانییەکە دەڵێت، بەهۆی هەڵەی وەرگێڕانەوە خانمە کوردەکەی وەکو یارمەتیدەری قاچاخچییان ناساندووە و ئێستا پەشیمانە.
 
لە نێوخۆی ئیتاڵیا و لە سەرتاسەری ئەورووپاش چالاکڤانانی کورد و ئەورووپی خەریکی کۆکردنەوەی واژۆن و ناڕەزایی دەردەبڕن. ئەوان واژۆ بۆ ئازادکردنی مەیسوون مەجیدی کۆدەکەنەوە، کە لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە لە زیندانەکانی ئیتاڵیادایە و ماوەیەکە مانی گرتووە.
 
مەیسوون لەگەڵ برایەکی و کۆچبەرانی دیکە بە بەلەمێک خۆیان دەگەیەننە کەناراوەکانی ناوچەی کالابریا لە ئیتاڵیا. لەوێ کۆچبەرەکانی دیکە ئازاد دەکرێن و کاپتنی بەلەمەکەش، کە خەڵکی تورکیا بووە، بە تۆمەتی قاچاخچێتی دەستگیر دەکرێت.
 
دواتر دەردەکەوێت کە مەیسوون ئازاد نەکراوە؛ لەبارەی هۆکارەکەشیەوە پۆلیس دەڵێت، لە لێکۆڵینەوە لەگەڵ کۆچبەراندا، دەرکەوتووە مەیسوون یارمەتیی قاچاخچییەکەی داوە. تەنیا بەڵگەیەکیش بۆ ئەوە، قسەی دوو کۆچبەر بووە کە یەکێکیان ناوی حەسەن حوسێنزادەیە و بە گوتەی پۆلیس ئێرانییە.
 
حوسێنزادە ئێستا لە بەرلینە و لەوێوە رایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی لە وەرگێڕەکەی تێنەگەیشتووە، وا لێکدراوەتەوە کە دەڵێت، "مەیسوون یارمەتیی قاچاخچییەکانی داوە." داوایشی کردووە ئازاد بکرێت، بەڵام هێشتا دادگا و پۆلیس لە کالابریا بەوە رازی نەبوون.
 
جەهانگیر وریانی لە ئەنجوومەنی هەماهەنگیی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان میوانی دیاسپۆرا بوو، لەوبارەیەوە رایگەیاند، دۆخی مەیسوون لە گرتووخانەی ئیتاڵیا باش نییە و پەیوەندیی لەگەڵی سەختە، گوتیشی، "چەندین هەڵمەتمان بۆ کەیسەکەی دەستپێکردووە، ئەو لە زیندان دۆخی باش نییە، بە شێوەیەک تاوەکو ئێستا سێ جار مانی لە خواردن گرتووە و لەگەڵ بکوژێکدا بەند کراوە."
 
جەهانگیر وریانی گوتیشی، "مەیسوون لە گرتووخانە ناڕاستەوخۆ ئەشکەنجە دەدرێت."
 
هەر لە بارەی کەیسی مەیسوون؛ نەجمەدین واوی، چالاکی سیاسی و مافی مرۆڤ لە UN، میوانی دیاسپۆرا بوو، لەو بارەیەوە گوتی، "ئیتاڵیا پارێزەرێکی بۆ مەیسوون دیاریکردبوو، کە شارەزایی نەبوو لە کەیسەکە، هەروەها دادگەی ئیتاڵیا بۆی سەلمێندراوە کە مەیسوون تاوانبار نییە، بەڵگەش بۆ ئەمە بوونی شایەتحاڵە، لە دادگە شایەتحاڵان سوێندیان لەسەر بێتاوانبوونی مەیسوون خواردووە."
 
نەجمەدین واوی روونیکردەوە، تاوەکو ئێستا دۆسیەی مەیسوون لە دادگەی ئیتاڵیا سێ قۆناخی بڕیوە، بەڵام لێپرسینەوەکانی دادگەی ئیتاڵیا هیچ ئەنجامێکی ئەرێنیی نەبووە.
 
بە گوتەی ئەو چالاکڤانەی سیاسی و مافی مرۆڤ لە UN، "دەستگیرکردنی مەیسوون لە ئیتاڵیا کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و مانگی داهاتوو بە فەرمی دادگایی دەکرێت."
 
نەجمەدین واوی ئاشکرای کرد، هەڵبژاردنی ئەورووپا کاریگەریی خراپی لەسەر دۆسیەی مەیسوون هەبوو، هەروەها بەڵگە هەیە رەخنەگرتنی مەیسوون لە شاخوازەکانی ئێران کاریگەریی لەسەر دۆسیەکەی هەبووە.